سێشەممە, 11 سبت 2018 – 12:05 ڕۆژنیوز ـ بۆتان گەرمیانی
ڕۆژی ٦/ئەیلولی ئەمساڵ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆرانی سنوورهکه لهبواری تەندروستیی، پەروەردە، نەوت و گاز، ژینگە و گەشتوگوزار، (بۆردی ڕاوێژكاریی خۆجێی گهرمیان)یان ڕاگهیاند، بەرپرس و ئەندامێکی بۆردەکە ئامانج و هۆکاری دورستکردنی ئەو بۆردە بۆ ڕۆژنیوز ڕوون دەکەنەوە.
شنە محەمەد، ڕۆژنامەنووسێکی ئەندام لە بۆردەکە هۆکاری دروستبوونەکەی گەڕاندەوە بۆ کەمیی خزمەتگوزاریی لە سێکتەر و دامودەزگا حکومییەکان و پشتگوێخستنی گەرمیان لەڕووی خزمەتگوزارییه گشتییهکانهوه.
سەبارەت بە مەبەست و کارەکانی بۆردەکە، شنە، ئاماژەی بەوەکرد، کە دروستکردنی ئهو بۆرده بهمهبهستی بەدواداچوون و کارکردنه لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەکانی سنوورەکه لەڕووی خزمەتگوزارییەوە و لە کۆتاییدا بە شێوازی ڕاپۆرت پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدارهکانی دەکەن ڕۆڵی ئەوان وهک چاودێر دهبێت بهسهر لایهنی پهیوهندییدارەوە.
هەروەها، ئازاد ئەحمەد، بەرپرسی بۆردەکە، ئەوەی خستەڕوو، کە کارێکی دیکەی بۆردەکە بەشدارییپێکردنی هاوڵاتیانە لە بڕیاری ئیدارەکەدا و دروستکردنی پردێکە لهنێوان هاوڵاتیان و حکومهتی خۆجێی، چونکە لە کارەکانیاندا بۆچوونی هاوڵاتیان وەردەگرن.
بهرپرسی بۆردهکه، ئاماژەشی بە کارە سەرەتاییەکانیان کرد، کە بەدواداچوون و دیارییکردنی کەموکورتییەکانی سێکتەرەکانی، پەروەردە و تەندروستی و ژینگه و شارەوانی و گەشتوگوزار و خوێندنی باڵایه.
ئازاد ئەحمەد، وتیشی: دوای بەدواداچوونی ورد لەلایەن لیژنەی تایبەتی بۆردەکەمان، کە لە کەسانی پسپۆڕ پێکدێن لەو بوارانەدا، کۆی داتا و زانیاریی و کەموکوڕی و خاڵەکانی ئەو سێکتەرانە دەخەینەڕوو بەشێوازی کۆنفرانس و دواتر پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، و ئەگەر پێویستیش بکات دەیگەیەنین بە ئاستی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم.
جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا دەستەبەرکردنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەرمیان.
بەپێی وتەی ئەندامانی بۆردەکە، بۆردی خزمەتگوزاریی خۆجێیی گەرمیان هاوشێوەی پەرلەمانێکە و بەشێک لەو ئەرکانەی لە ئەستۆی پەرلەمانە، ئەوان ئەنجامی دەدەن، وەک بەدواداچوون و چاودێرییکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پێشکەشکردنی پرۆژە و ڕاپۆرت.
https://youtu.be/5R7lN_0T3g0?=
ش.ف