یەكشەممە, 2 سبت 2018 – 10:01 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ئەنجومەنی خۆبەرێوبەری دیموکراتی شەنگال پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ ئەو دوو گەنجەئێزدییە بڵاوکردەوە، کە لە چەمی خانکێدا خنکاون و گیانیان لە دەستداوە.
لە پەیامی ئەنجومەنەکەدا هاتووە: وەک دەزاندرێت سەختترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژوو بەسەر خەڵکی ئێزدی هاتوون، ئەوە لە کاتێکدا کە ئاشتیخوازترین کۆمەڵگاشە، ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و خەڵکی ئێزدییان کۆمەڵکوژکرد.
لە بەردەوامییدا ڕاگەیەندراوە: هاوڵاتییە ئاوارەکانی ئێزدی بە تایبەتی لە باشوری کوردستان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان تووشی سەختی زۆردەبن، چونکە هیچ هاوکارییەکیان پێنەدراوە، زۆربەی موڵکی باشوری کوردستان لە ڕێگای کشتوکاڵەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، بۆیە لە نزیک چەم و ڕووبارەکان نیشتەجێ دەبن، لەم دواییانەدا دوو گەنجی ئێزدی لە ناو چەمی خانکێدا خنکان و گیانیان لە دەستدا، ئێمە بانگەوازیی گەلەکەمان دەکەین، کە بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی سیاسەتی برسیبوون، باشترە هەموومان پێکەوە بۆ بەدیهێنانی شەنگالێکی خۆبەڕێوبەریی هەوڵ بدەین.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: بانگەوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی ئێزدی بۆ ئێزدخان ئامادەکاری و ئاسانکاری بکەن.
س.ح