ئەنجومەنی مەخمور سوپاسی هاوکارییەکانی کرد

ئەنجومەنی گەلی مەخمور و کۆمیتەی تەندروستیی مەخمور سوپاسی ئەو هاوکارییانەیان کرد کە لەلایەن خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوا، کەسایەتییەکان، هونەرمەندان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە نێردراون بۆ کامپەکە.


گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور ٢٦٥ ڕۆژە بەردەوامە و بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامی گەمارۆکە، مەترسیی گەورە لەسەر دانیشتوانی کەمپەکە دروست بووە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی گەلی مەخمور و کۆمیتەی تەندروستیی کامپەکە، لەسەر ٩ مانگ گەمارۆ لەسەر کامپەکەیان و ئەو هاوکاریانەی بۆیان هاتووە، لێدوانیاندا.

حەجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک ئەنجومەنی گەل، کۆمیتەی تەندروستی و ئەنجومەنی عەشتار، لەسەر گەمارۆکە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکیان هۆشیار کردووەتەوە و ڕایگەیاند: وەک خەڵکی مەخمور سوپای هەموو ئەو پشتیوانییانە دەکەین کە لە دەرەوە لێمان کراوە چ بە بانگەوازیی و چ بە هاوکاری، لە بواری پێداویستی ژیان و تەندروستی هێشتاش لە دۆخێکی دژوارداین، ئەو مەترسییەی لەسەر ناوچەکە هەیە کاریگەریی خۆی لەسەر کامپەکەی ئێمەش داناوە، گەمارۆیەک کە لەلایەن حکومەتی هەرێم یان پارتییەوە بەسەر کامپەکەمان سەپاوە هێشتاش بەردەوامە، هاتنی کۆرۆناش ژیانی خەڵکی ڕووبەڕووی زەحمەتی کردووە.

د. لوقمان کارا-ش سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە هاوکاریی کامپی مەخموریان کردوە و وتی: بە تایبەتی سوپاسی هاوکارییەکانی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، سەرەڕای کەمی دەرفەتەکانی بەردەستمان، بەپێی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە کامپەکەدا هەیە، بە شێوەیەکەی سەرکەوتووانە بەردەوامی بە کارەکانمان دەدەین، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووەتە ناو کامپی مەخمور، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی، جارێکی دیکەش سوپاسی هەموو ڕێکخراو و دەزگاکان دەکەین کە هاوکارییان کردین.

ک.س