ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمان

بە کۆی دەنگ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت: چاکسازی گشت کەرتەکان دەگرێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیری چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە.

وتیشی: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان، ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراوان لە سەر خاڵ و بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاریی، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

ب.ش