ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کار بۆ گۆڕینی ناوی بیانی دەکات

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی خوێندنەوە بۆ یاداشتێک دەکات تایبەتە بە گۆڕینی ناوی ئەوشارۆچکە و گوندانەی کوردی نین و تورکی، فارسی و عەرەبین، ئەندامێکی ئەنجومەنیش داوا دەکات، کە لە پەرلەمانی هەرێمیشەوە کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت.


بەهۆی ئەو داگیرکارییانەی کە لەمێژوودا کراونەتە سەر کوردستان، زۆرێک لە ناوی شارۆچکە، شارەدێ و گوند تەنانەت چیا و دەشتەکانیش لە کوردییەوە گۆڕاون بۆ تورکی، عەرەبی و فارسی.

بەرزان حامد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، یاداشتێکی ئاراستەی ئەنجومەن کردووە بۆ گۆڕینی ناوە بیانییەکان و یاداشتەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنەوە ئاراستەی لیژنەی یاسایی کراوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی یاداشتەکەی پەسەندکرد، دەخرێتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنەوە، بە وتەی بەرزان حامد-یش، سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەن پشتیوانی لە یاداشتەکە دەکەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەشڵێت: مادام ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکاندایە، کاتی ئەوە هاتووە ئەنجومەنی پارێزگاکان بتوانن بۆخۆیان بە ڕێکارە ئیدارییەکان داوا لەو شوێنان بکەن کە ناوەکانیان بیانیە، ناوی جێگرەوەی کوردی بە ڕەزامەندی خەڵکی ناوچەکە پێشنیار بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت.

هەروەها باس لە مەترسیی مانەوەی ئەو ناوانە دەکات و دەڵێت: هەبوونی ناوی تورکیی یان عەرەبی و فارسی، ڕەنگە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا دەوڵەتە داگیرکەرەکان وەک بەڵگەی مێژوویی بەکاری بهێنن، بۆیە دەبێت بەڵگەی پێچەوانە لەسەر ئەمە بخەینەڕوو و ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان بۆ ئەو ناوچانە بگێڕینەوە کە کراون بە بیانی.

بەپێی ماددەی ١٣ی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی گۆڕینی ناوی شارۆچکە، شارەدێ و گوندی سنووری پارێزگاکەیان هەیە، ئەوەش دەبێت لەسەر پێشنیاری پارێزگار یاخود سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەن بێت.

بارزان حامد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواش لە لێژنەی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەو بابەتە وەک پرۆژە یاسایەک ئاراستەی پەرلەمان بکەن دەشڵێت: گۆڕینی ناو کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت وەک پرسی باری شارستانی، پاسپۆرت و ناسنامەی عێراقی، بۆیە دەبێت پەرلەمان لاری بۆبکات بۆ ئەوەی ئەو لێکەوتانەی بەگوێرەی یاسا ڕێکبخرێنەوە.

د.ع