سێشەممە, 26 ماي 2020 – 07:49 ڕۆژنیوز – سۆران
https://youtu.be/Qm_-Qcq9F80″>
دەربارەی هەبوونی هێزی پارتی و یەکێتی لە زینی ئەستێرۆکان، ئەمیری حاجی كەمال باژێڕوانی مەكۆی سۆران ی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی ئەو حیزبە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
ئەمیری حاجی كەمال دەڵێت: وەرتێ و وەرتییەكان لە مێژووی پەنجا ساڵەی ڕابردووی خەباتی گەلی كوردا پشكی شێریان بەردەكەوێت، بۆیە مایەی نیگەرانییە جارێكیتر لە ژێر ناوێكی شاراوەدا زینی وەرتێ بووە بە مەیدانی شانۆی سیاسی و سەربازی.
ئەم ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كە خۆی سەردەمانێكی زۆر لە وەرتێ پێشمەرگە بووە، لەسەر جوگرافیای ناوچەکە دەڵێت: زینی وەرتێ سنوورێكی ستراتیژی نێوان دوو وڵات نییە، هاوكات دەروازەیەكی گرنگی ئابووریش نییە بۆ حكومەتی هەرێم، بۆیە گومان دەكرێت جێگیركردنی هێز لەسەر لوتكەی زینی وەرتێ ئەجێندایەكی شاراوەی لە پشتبێت.
هەر بۆیە ئەمیری حاجی كەمال پێشبینیش دەكات، لە “داهاتوودا كارەساتی گەورە لەو ناوچەیە دروستببێت”.
هەروەها باس لەوەش دەكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بیانووی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی خۆپارێزی، قەیرانەكانی دیکەی دادەپۆشێت، “ئەگینا بازگەی ئاسایش لەنزیك زینی وەرتێ هەیە هیچ پێویست نەبوو بەو پاساوە هێزی پێشمەرگە بچێتە سەر لوتكەی زینی وەرتێ”.
ئەمیری حاجی كەمال پێشی وایە، کە پیلانێکی گەورە لەسەر گەلی كورد هەیە بۆ لەناوبردنی باشور و ڕۆژئاوای كوردستان.
ئەم بەرپرسەی گۆڕان ڕەخنە لە بێدەنگی حزبەکان بە حزبەکەی خۆشییەوە دەگرێت و دەشڵێت: هەڵوێستیان شەرمنانەیە، لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا ئەو هەموو بەڵێنە بەخڵک درا، بەڵام لە بەرنامەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم شتێك نییە بە ناوی بەرژەوەندی خەڵك، بەڵكو بەرژەوەندی شەخس و حزب و بنەماڵە كارنامەی سەرەكی ئەم حكومەتەیە.
س.ح