ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیی ٣٢ ڕۆژە لە زینداندا مانی گرتووە

ئیدریس سەلیم، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ، نزیکەی چوار مانگە لە زینداندایە و زیاتر لە مانگێکیشە وێڕای نەخۆشییەکانی، مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم-یش ڕێگریی دەکەن لە سەردان و وەرگرتنی چارەسەری پزیشککی.


ئیدریس سەلیم محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی هەولێر-ی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ٨ی مانگی ٥ی ئەمساڵەوە لە بازگەی چوونە ژوورەوە بۆ ناو شاری هەولێر لە مەخمورەوە، لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە و ڕەوشی تەندروستی نالەبارە، هەروەها ئەمڕۆ ٣٢ ڕۆژە بەردەوامە لەمانگرتن.

ئیدریس سەلیم تەمەنی ٦٠ ساڵە و ماوەی ٤٠ ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی دژی ڕژێمی بەعس کردووە و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا حەوت جار برینداربووە و خۆی و سێ برای کەم ئەندامی سەنگەر-ن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە هەولێر، نزیکەی چوار مانگە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە و هەر لە زیندانی ئاسایشی هەولێر ماوەتەوە، بەوتەی بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادیی، "ئاسایش خۆیان پێیان وتوون، ئیدریس سەلیم تەنها تۆمەتی ئەوەیە کە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە"، بەم هۆکارە دەسگیرکردنەکە بە سیاسیی دەزانن نەک یاسایی.

تا ئێستا بەرپرسانی ئاسایش، ڕێگایان نەداوە هیچ پارێزەرێک بۆ ئیدریس سەلیم بگیرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت، هەروەها بەهیچ شێوەیەک دادگایی نەکراوە و کەیسەکەی بەکراوەیی هێڵدراوەتەوە، ئارام-ی کوڕی بە ڕۆژنیوزی وتبوو، "باوکم پێی وتین تا ئێستاش هیچ تۆمەتێکم ئاراستە نەکراوە و هیچم لەسەر نییە و بەهۆکاری سیاسیی منیان لێرە هێشتووەتەوە".

ڕەوشی تەندروستی ئیدریس سەلیم ناجێگیرە، وێڕای ئەوەی نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، لە ئێستادا سییەکانی نەخۆشە و ڕێگریی بینینی پزیشکی لێ دەکرێت.

بێریڤان محەمەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، بە ڕۆژنیوزی وت، چەندین جار پەیوەندییان بە ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-ەوە کردووە بەڵام بەدەمەوهاتنیان بۆ ئەم پرسە لاوازەبووە، وتیشی:"سەردانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی  و خاچی سووری نێودەوڵەتی-مان کردووە کە ئەوانیش ڕایانگەیاندووە بە دواداچوونی بۆ دەکەن".

س.ح