ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لەبارەی ئاشكرانەكردنی تاوانبارانی تیرۆركردنی زەكی چەلەبییەوە ڕایدەگەیەنێت، ئاشكرانەكردنی تاوانباران دەرخەری ئەوەیە “دەزگای سیخوڕی میت دەستی خستووەتە نێو دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان”.
شەوی ١٧ ی ئەم مانگە زەکی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، لەبەردەم ڕێستۆرانتەکەیدا لە شەقامی بەختیاریی دەستڕێژی گوللـەی لێکرا و پاش مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لەژێر چاودێری وردی پزیشکییدا، درەنگانی ئێوارەی ١٨ی ئەم مانگە گیانی لەدەستدا.
دوای ١٠ ڕۆژ لەو ڕووداوە، تائێستا دەزگا ئەمنییەكان هیچ قسەیەكیان لەسەری نەكردووە و هیچ كەسێك بە تۆمەتی ئەنجامدانی دەستگیرنەكراوە، لەكاتێكدا دوای چەند خولەكێك لە ئەنجامدانی تاوانەكە هێزە ئەمنییەكان گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەكە و تەواوی كامێرای چاودێی ناوچەكەیان لەگەڵ خۆاندا بردووە.
فەرهاد ڕەسوڵ، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: تیرۆرکردنی شەهید زەکی چەلەبی لەلایان دەزگای میتی تورک، ئەومان پێدەڵێت کە ئەم دەزگایە دەستی خستووەتە نێو دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، چونکە چۆن توانرا بە ڕۆژی ڕووناک دەزگای میت کەسێک لە سلێمای تیرۆر بکات.
ئەو ئەندامەی کەنەکە وتیشی: تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی لە سلێمانی پێمان دەڵێت دەزگای میتی تورک لە باشووری کوردستان دەستی خستووەتە هەموو کایەکانەوە، بەشێوەیەک دەزگای میت دەستی خستووەتە ناو دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە بەم شێوە ئەم جۆرە کارانە ئەنجام دەدن.
بەپێویستی دەزانێت، دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی تاوانبار ئاشکرا بکەن و دەڵێت: ئەگەر بکەران ئاشکرا نەکرێن ئەوکات دەزگا ئەمنییەکان تاوانبار دەبن لەم کردەوەیەدا، دەبێت بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆرییە یاخود ئەوانەی دەستیان هەبووە لەپشت ڕووداوەکەوە و هاوکاری بکوژانیان کردووە ئاشکرا بکرێن و بەپێی یاسا سزای خۆیان وەربگرن.
س.س