دوو مانگ بەسەر دیارنەمانی “عەلی ئەحمەد کایار” ئەندامی هەدەپە، تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت، نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کردووە و وەڵامی “بەپێی یاسا ئەگەر دوو مانگ زانیاریی لەسەر دەستنەکەوێت، لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات”، بەڵام تائێستا لێکۆڵینەوە دەستیپێنەکردووە.
دوای ئەوەی ڕۆژی ١٥ی مانگی٧ی ئەمساڵ، کایار لە سلێمانی دیارنەما، نوێنەرایەتیی هەدەپە سەردانی ئاسایشی گشتیی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی کرد، هەروەها پەیوەندیی بە نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەنەکە و پەدەکە-وە کرد و لە گەڵیاندا دانیشتن، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
موزەیەن گونەش ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە سەردانەکانیان بۆ زانینی چارەنووسی کایار کرد و وتی: لەو سەردانانەدا وەڵامی “بەپێی یاسا ئەگەر دوو مانگ زانیاریی لەسەر دەستنەکەوێت، لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات”ـمان وەرگرتووە.
ئەمرۆ دوو مانگ بەسەر بێسەروشوێنبوونی کایاردا تێپەڕیوە، بەڵام بەپێی وەڵامەکەی وەزارەتی ناوخۆش بێت، هێشتا دیار نییە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە یان نا، موزەیەن گونەش ئەوەشی وتووە؛ کە تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیمان پێنەدراوە، تا ئێستا پەیوەندییمان بە نووسینگەی پەیوەندییەکانی پەدەکە و یەنەکەشەوە کردووە، بەڵام نووسیگەی پەدەکە هیچ وەڵامێکی نەبووە، داوامانکردووە کە کۆمپانیای کۆڕەک تۆماری دەنگی تەلەفۆنەکەی کایار-مان، ڕادەست بکات، بۆ ئەمەش هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە.
گونەش ئاماژە بەوەدەکات، کە کاربەدەستانی یەنەکە بە ئەوانیان وتووە، لێپرسینەوەکانیان لەسەر بابەتەکە بەردەوامە و تا زانیارییەکان ڕوون نەبێتەوە و پشتڕاست نەکرێتەوە، قسە ناکەن.
چی ڕوویدا؟
عەلی ئەحمەد كایار، خەڵكی شاری سێرتی باكوری كوردستانە، ماوەیەک لەو شارە بەرپرسی ‘بەدەپە’ بووە، دوای ئەوەش بووەتە ئەندامی هەدەپە و بەهۆی زوڵم و ستەمی ئاكەپە ماوەی نۆ ساڵە باكوری كوردستانی بەجێهێشتووە و هاتووەتە باشوری كوردستان، هەشت ساڵ لە هەولێر بووە و ئەمە ماوەی ساڵێکیشە هاتووەتە سلێمانی و کرێکاریی کردووە.
لەنێوان كاتژمێر ٧:٠٠ بۆ ٧:٣٠ خولەكی بەیانی ڕۆژی ١٥/٧/٢٠٢٠ لەسلێمانی دیار نەماوە و تەلەفۆنەكەی داخراوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی نوێنەرانیەتی هەدەپە بە ڕۆژنیوزی داوە، ئەو ڕۆژە تەکسییەک کایاری تا عەربەت بردووە و لە کامێراکانی چاودێریی دیارە، بەڵام نازاندرێت ئەو شۆفێری تەکسییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە یان نا، لەلایەن ئاسایشیشەوە لەسەر بابەتەکە هیچ زانیارییەک نەدراوە.
ب.ک