ئەوانەی هێرشیان کردە سەر پزیشکەکەی سلێمانی دەستگیرکران

بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، کە ئەوانەی هێرشیان کردبووە سەر پزیشکەکەی شاری سلێمانی دەستگیرکراون، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، کە ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە، کە تەقەیان بەسەر ئۆتۆبێلێکی فریاکەوتنی تەندروستیدا کردبوو.


ئەمڕۆ، لەلایەن بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە، هێرشکرایە سەر پزیشکێکی شاری سلێمانی و لێی درابوو، ئەوەش ناڕەزایەتی پزیشکانی سلێمانی لێکەوتەوە و ڕایانگەیاند، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەو کەسانە دەستگیرنەکات ئەوا دەوامی نەخۆشخانەکان ڕادەگرن.

حەسەن نوری، بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: ئەو کەسانەی کە هێرشیان کردە سەر پزیشکەکەی شاری سلێمانی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

هەروەها ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەشاری هەولێر ڕایگەیاند، کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە پێکدەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبوویەوە، کە تێیدا چەند کەسیك لەگوندی (بێ‌سەڵمێن) لە سنووری شارەزور تەقەیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەتنی تەندروستیدا دەكرد، كاتێك نەخۆشێكی ڤایرۆسی كۆرۆنایان گەڕاندەوە بۆ گوندەكە بەتەندروستیەكی باشەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: پۆلیسی شارەزوور چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كەتەقەیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا كردبووە.

لەڕاگەیاندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەش هاتووە: تۆمەتبارەكان بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

د.ع