ئەو بنکانەی ئەمریکا لە هەرێم کراونەتە ئامانج دەکەونە کوێ'وە؟

ئەمریکا لە سنووری هەولێر و دهۆک دوو بنکەی هەیە، یەکێکیان دەکەوێتە شارۆچکەی هەریر و ئەوی دیکەشیان دەکەوێتە سنووری بەردەڕەش، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، مووشەکەکان دوور لەو سنوورانە کەوتوونەتە خوارەوە.


دوای نیوەشەوی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ هێرش بۆسەر بنکەی عەین عیسا لە پارێزگای ئەنبار، "پێنج مووشەکی ئێران" لە سنووری هەولێر و دهۆک کەوتنە خوارەوە، هەرچەندە ئێران دەڵێت لە هەردوو هێرشەکەدا ٨٠ سەربازی ئەمریکی کوژراون، بەڵام عێراق و ئەمریکا و حکومەتی هەرێم ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

لە سنووری هەولێر و دهۆك هێزەكانی ئەمریكا دوو بنكەی سەرەكییان هەیە، یەكێكیان دەكەوێتە شارۆچكەی هەریر و ٣٠ كیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێرەوە دوورە، ئەوی دیكەش دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆك، بەپێی زانیارییەکان ئەو مووشەکانەی ئێران ئاراستەی بنکەکانی کردووە، بەهۆی "سیتسمی دژە مووشكی بنکەکانەوە" بێ کاریگەر کراون و لە شوێنە چۆڵەکان کەوتوونەتە خوارەوە، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ "سیستمی دژە مووشەکی بنکەکان".

سەرچاوەیەک نزیک لە ڕووداوەکان بە ڕۆژنیوزی وت، ئەو مووشەكانەی بۆ بنكە سەربازییەكەی هەریر ئاراستەكرابوو، لە گوندی سەیدان لە سنووری پارێزگای هەولێر كەوتووەتە خوارەوە، شوێنەكەش دەشتاییە بۆیە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.

هەروەها ئەو مووشەكانەشی ئاراستەی بنكە سەربازییەكەی سنووری بەردەڕەش كراوە، لە دووریی زیاتر لە پێنج كیلۆمەتر لە بنكە سەربازییەكە كەوتووەتەوە و نزیک بە دوو کیلۆمەتر لە شارۆچکەکەوە دوور بووە، بۆیە زیانی گیانی نەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، عێراق دەڵێت ١٧ مووشەک لە بنکەی عەین عیسا دراوە و ١٥ی تەقیوەتەوە، هەروەها پێنج مووشەک بۆ هەرێمی کوردستان و زیانی گیانیان بۆ هێزە عێراقییەکان نەبووە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە، هەردوو هێرشەکەی سنووری هەرێم هیچ زیانێکی نەبووە، ئەمریکاش وتی هیچ سەربازێکیان بەرهێرشەکان نەکەوتووە، ئەمانەش لە کاتێکدایە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، ٨٠ سەربازی ئەمریکا لە دوو هێرشەکەدا کوژراون.

س.ح