ئەو فیلمەی لە سلێمانی قەدەغەکرا لە فێستیڤاڵی جنێف نمایش دەکرێت

فیلمی لە "پێناو ئازادی" کە لە سلێمانی لە لایەن ئاسایشەوە ڕێگریی لە نمایشکردنی کرا، لە هەژدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی جنێف و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا نمایش دەکرێت.


فیلمی لە پێناو ئازادی، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیک'ـە، کە باس لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی گەلی کورد لە پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ڕووبەڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بوونەوە، فیلمەکە لە کەسایەتی و ڕووداوی ڕاستەقینە وەرگیراوە، چیرۆکی بەرخۆدانی کۆمەڵیک گەنج دەگێڕێتەوە کە لە دژی سوپایەک کۆڵانەکەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لە ٣١-١٢-٢٠١٩ ئاسایشی سلیمانی  بەبیانووی "لەپێناو ئارامی شارو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئارامی شار"ڕێگرییان کرد لە پەخشکردنی فیلمەکە، لە دوای ئەو ڕێگریەشەوە نمایشکردنی فیلمەکە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامە.

فیلمی لە "پێناو ئازادی" لە لایەن کۆمین (هەرەوەزیی) فیلمی ڕۆژئاواوە بەرهەم هاتووە، بڕیارە ١٢ی مانگی ئازار لە هەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی جنێف لە (Espace Pitoëff-Théâtre)  نمایش بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە فیلمەکە لە پانزەیەمین فیستیڤاڵی فیلمی Koltaka، فیستیڤاڵی فیلمی ڕۆژئاوا و چل و نۆیەمین فیستیڤاڵی فیلمی Rotterdam  نمایش کرا، هەروەها پێشتریش لە هندستانیش نمایشکرا و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

هاوکات بڕیارە هەر لە مانگی ئازاردا ئەم فیلمە لە ئەڵمانیاش نمایش بکرێت و لە مانگی نیسانیشدا بەشداری دوو فێستیڤاڵی دیکەی نێودەوڵەتی لە دوو وڵاتی جیاوازدا ببێت.

ک.س