ئەو هۆکارانەى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمیان دواخستووە

ماوەى ٩٨ ڕۆژە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان دیار نییە، هۆکارى سەرەکیش چەندین پرسى چارەسەرنەکراوى نێوان یەکێتى و پارتى و گۆڕان-ە.


بەپێى یاساى هەڵبژاردن و پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، پێویستە لە دانیشتنى یەکەمى پەرلەماندا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێرێت و لە دانیشتنى دووەمى پەرلەماندا کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێم ڕاسپێردرێت، کە پێویستە لەماوەى مانگێکدا حکومەت پێک بهێنێت.

 هەرچەند ماوەى ٦١ ڕۆژە دانیشتنى یەکەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام نە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردراوە نە کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لەلایەن پەرلەمانە دەستنیشانکراوە، ئەوەش پێچەوانەى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستانە، بۆیە لەدوا ى سێ مانگ لە ئەنجامى هەڵبژاردن هێشتا پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بێ سەرۆکە و هەرێمیش بێ حکومەتێکى یاساییە.

بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردنى ٣٠ى ئەیلولى ٢٠١٨ى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، پ- د- ک، ٤٥ کورسى بەدەستهێناوە و ى- ن- ک، ٢١ کورسى بەدەستهێناوە و بزوتنەوەى گۆڕان ١٢ کورسى بەدەستهێناوە.

پ- د- ک، کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە، مەسرور بارزانى، بۆ پۆستى سەرۆکى کابینەى نۆیەمى حکومەت دەستنیشانکردووە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ شاندێک لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سەرۆکایەتى نەکراوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هیچ دانوستانێکى فەرمى بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەم پێکنەهاتووە.

ئەوەى کە تاوکو ئێستا ئەنجامدراوە، سێ جار شاندى پ- د- ک لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و ى- ن- ک، کۆبووەتەوە، کە یەکێکیان لە ١٧ى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٨ بوو لەشارى سلێمانى و دووەمیان لە ڕۆژانى ١١ و ١٢ى کانونى یەکەم بوو لە شارى هەولێر و کۆتا کۆبوونەوەشیان لە ڕۆژانى ١٨ و ١٩ى کانونى یەکەم بووە لە شارى سلێمانى، بە ڵام هیچ ئەنجامێک لەو دانووستانانە دەرنەکەوتووە، لە ڕاگەیەندراوى کۆبوونەوەکاندا، هەرچەند بە گەشبینییەوە باس لە ئەنجامى کۆبوونەوەکە کراوە، بەڵام پێچەوانەکەى لە میدیاى هەرسێ لایەن دەرکەوتووە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ی.ن.ک لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئەوەى پشتڕاست کردووەتەوە، کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە هیچ ئەنجامێکی دیاریکراو نەگەیشتووە، ئەوەشى نەشاردووەتەوە، کە هۆکارەکەی بۆ تێڕوانی جیاواز لەسەر بابەتەکان دەگەڕێتەوە و دەڵێت:" لایەنە سیاسییەکان لەسەر زۆر بابەت ناکۆکن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بۆیە پرۆسەکە نەیتوانیوە بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت".

ناکۆکییەکان لەسەر چین؟

بەپێى ئەو لێدوانە نافەرمییانەى لەلایەن بەرپرسانى هەرسێ لایەنى دانوستانکار بۆ پێکهێنانى حکومەت دەردەکەوێت چەندین ناکۆکى هەن کە بووەتە هۆى ئەوەى پێکهێنانى حکومەت دوابکەوێت.

ناکۆکییەکانى یەکێتى و پارتى

لە نێوان پ- د- ک و ى- ن- ک، چەندین پرس هەن، کە بوونەتە بەربەست لە ڕێککەوتنى ئەو دوو لایەنە، گرنگترینیشیان، پرسى پۆستى پارێزگارى شارى کەرکوک-ە، کە یەکێتى دەیەوێت بەر لە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم، پۆستى پارێزگارى کەرکوک وەربگرێتەوە، بە شداریکردنى لە حکومەت وەک کارتێکى فشار لەسەر پ- د- ک، بەکار دەهێنێت، پ- د- ک، دەیەوێت کابینەى نوێى حکومەت پێکبێت و دواتر پۆستى پارێزگارى کەرکوک بۆ خۆى ببیات، لە بەرامبەر پۆستى سەرۆک کۆمار، کە یەکێتى لە ئەنجامى ململانێیەکى توند لەگەڵ پ- د- ک توانى بەدەستى بهێنێت.

ناکۆکییەکانى پ- د- ک و ى- ن- ک، لەسەر ئەو پرسە گەشتووەتە ئاستێک، کە فراکسیۆنى پ- د- ک، لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، ڕۆژى ٢ى ئەم مانگە ڕاشکاوانە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، کە پێویستە پرسى کەرکوک تێکەڵ بە پرسى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەکرێت و پەلە بکرێت لە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت.

یەکێکى دیکە لە کێشەکانى نێوان پ- د- ک و ى- ن- ک، بریتیییە لەو کێشەیەى کە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار لە نێوانیاندا دروست بوو، هەرئەوکاتە پ- د- ک ڕایگەیاند، کە ئەوان وەک هاوبەش مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا ناکەن.

پ- د- ک، دەیەوێت لە کابینەى نوێى حکومەتدا، یەکێتى بێدەسەڵات بکات، یەکێتیش ئەوە پەسەند ناکات و دەیەوێت هەندێک لە پۆستە گرنگەکانى حکومەت بۆخۆى ببات، ئەو مللانێیەش یەکێکى دیکەیە لەو هۆکارانەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى دواخستووە، ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى ى- ن- ک، لەبارەى ئەو هەوڵەى پ- د- ک، وە بە ناڕاستەوخۆیی، بە میدیایەکى سەر بە حزبەکەى ڕاگەیاندووە، یەکێتى ڕێگەبەوەنادات لایەنێک هەموو دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان قۆرغ بکات، ئەوەش ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ ئەوەى پ- د- ک، لە دانووستانەکاندا ڕازى نەبووە بەوەى یەکێتى پۆستى سیادى لە حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستاندا وەربگرێت.

هەروەها مەحمود سەنگاوى، ئەندامى مەکتەبى سایاسى ى- ن – ک،  بە یەکێک لە میدیاکانى وتووە،' پارتى دەیەوێت سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێم و وەزیر و دەسەڵات هەر خۆى بێت، ئێمەش ئەوە قبوڵناکەین'.

کێشەکانى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پ- د- ک

بێجگە لە کێشەکانى نێوان پ- د- ک و ى- ن- ک، چەندین کێشە لە نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پ- د- ک، هەن کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم ڕێککەوتنى نێوان ئەو دوو لایەنە.

بزوتنەوەى گۆڕان، خواستى ئەوەى هەیە بۆ تێپەڕکردنى هەندێک لە کێشە ناوخۆییەکانى بەشدارى لە حکومەتدا بکات، بەڵام دەیەوێت پێشەکى لەسەر پرسەکانى سیستمى حکومڕانى و یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و پرسى دەستورى هەرێم و چەند پرسى دیکەى تایبەت بە سامانە سروشتییەکان و بودجە و داهاتى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ پ- د- ک، ڕێکبکەوێت، ئەویش لەبەر ئەوەى بیکاتە یەکێک لە دەستکەوتەکانى و جەماوەرەکەى پێ ئاشتبکاتەوە.

لە بەرامبەردا پ- د- ک، نایەوێت ئەو گەرەنتیانە بداتە گۆڕان، هەروەها دەیەوێت، گەرەنتى ئەوە لە بزوتنەوەى گۆڕان وەربگرێت، کە بەشدارى ڕاستەقینەى حکومەت بێت و تا کۆتایى کابینەکە لە حکومەت نەکشێتەوە، هەروەها دەیەوێت گۆڕان بەڵێنى ئەوەبدات پشتگیریی حکومەتى هەرێم بکات و فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمان ڕەخنە لە حکومەتى هەرێم نەگرێت و کادر و هەڵسوڕاوانیى دژى حکومەت قسە نەکەن، ئەو خواستەى پ- د- ک، بە ڕوونى لەسەر زارى فازیل میرانى، بەرپرسى مەکتەبى سیاسى پارتى دەرکەوتووە و کە چەندین جار وتوویەتى هاوڕێى نیوەڕێمان ناوێت و پێویستە ئەوەى حکومەتمان لەگەڵدا پێکدەهێنێت، بەڵێن بدات تاکۆتایى لە حکومەتدا بمێنێتەوە، یاخود دەڵێت، نابێت ئەو لایەنانەى دێنە حکومەتەوە، لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆن بن و لە حکومەتیشدا دەسەڵات بن.

بزوتنەوەى گۆڕان  نایەوێت ئەو گەرەنتییە بداتە پ- د- ک، کە بەشدارێکى بێدەنگ دەبێت لە حکومەتدا، لەبەر ئەوەى جەماوەرى زیاتر لەدەستدەدات لەوەى کە لەماوەى ڕابردوودا لەدەستى داوە، گۆڕان دەیەوێت لە پەرلەماندا کارابێت بۆ ئەوەى جەماوەرەکەى بەدەستبهێنێتەوە و لە حکومەتیشدا بەشدار بێت بۆ ئەوەى کێشەناوخۆییەکان و کێشە داراییەکانى تێپەڕێت و لە ڕێگەى ئەو دەستکەوتە ئیدارى و سیاسییانەى لە حکومەتدا بەدەستى دەهێێنێت جەماوەرکەى ئاشت بکاتەوە.

بەپێى ڕاى چاودێرانى سیاسى، ئەمانە گرنگترین ئەو کێشانەن، کە پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى دواخستووە، هەتاوەکو ئێستاش هیچ ئاسۆیەکى ڕوون و خاڵێکى ناوەند نییە، کە هەرسێ لایەنى پێکهێنەرى حکومەتى لەسەرى ڕێکبکەون و کابینەى نوێ ئاوابکەن.

د.ع