ئەو پیاوەی لە نوێژی بەیانیدا  چەقۆی لێدرا گیانی لەدەستدا

ئەو پیاوە بە ساڵاچووەی کە لە مزگەوتێکی هەولێر بەر چەقۆ درا، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی دەڵین هێرشبەرەکە تلیاک کێش بووەو داوای پارەی کردووە.


کەسوکاری حاجی جەمیل، ئەو پیاوە بەساڵاچووەی کە دوێنێ لەکاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتی عەبدولکەریم مودەریس بە چەقۆ هێرشیکرایە سەری، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاند، هێرشبەرەکە تلیاک کێش بووەو داوای پارەی لە حاجی جەمیل کردووەو ئەویش داواکەی ڕەتکردووەتەوە.

دوای ڕووداوەکە، پۆلیسی هەولێرڕایگەیاند توانیویانە لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكە دەستگیربکەن.

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردووەتەوە، پیاوە بەساڵاچووەکە تەمەنی ٧٨ ساڵ بووەو لەكاتی هەڵكوتانە سەری، پۆلیسێكی فریاكەوتنیش لەكاتی ئەركدا لەوێ دەبێت، بۆیە بە هانای پیاوەكەوە دەچێت و لە ژێر چنگی هێرشبەرەکە ڕزگاری دەكات، بەڵام لە ئەنجامدا چەقۆیەكی بەردەكەوێت و ئەویش بریندار دەبێت.

پۆلیسی هەولیر ئامادە نەبوو وتەی کەسوکاری قوربانیەکە بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاست بکاتەوەو جەختی لەوە کردەوە، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بەردەوامە.

د.ع