ئەو پێشمەرگەیەی داوای بەهاناوەچوونی کردبوو دەستگیرکرا

دوای سزادان و ڕاگرتنی موچەی ئەو پێشمەرگەیەی فەرماندەیی هەڵگورد، کە داوای بەهاناوەچوونی کردبوو، پێشمەرگەکە دەستگیرکراو تائێستا چارەنووسی نادیارە.


ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو یەكێك لە پێشمەرگەكانی فەرماندەی هەڵگوردی سەر بەیەكەی ٨٠ی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق، بەناوی فەرهەنگ محێدین، لە یەكێك لە ڕەبایەكانی چیای "بەردی تەشی ڕێس" لە سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران کە لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی دیکە لەناو بەفردا گیریان خواردبوو، لە گرتیەکی ڤیدیۆیدا باسی لە ڕەوشی خراپی خۆیی و پێشمەرگەکانی دیکە دەکرد.

لەوبارەیەوە برایەکی ئەو پێشمەرگەیە بەناوی هۆشمەند محێدین، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە دوای ئەوەی براکەیان ڕزگار کردووە و لە چیا هێناویانەتە خوارەوە، دوێنێ بانگهێشتی هەواڵگری پێشمەرگەیان لە شارۆچکەی سۆران کردووە، بەڵام دواتر بەچەند بیانویەک هێشتویانەوە.

وتیشی: هەر دوێنێ براکەی بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردوون و پێیوتوون کە "چیتر ناتوانم مۆبایل بەکاربهێنم".

هۆشمەند محێدین، وتیشی: لەئێستادا ئاگادار نین کە براکەی لەکوێیە و چی بەسەر هاتووە، داواشیکرد کە براکەی بگەڕێتەوە، چونکە ئەو داوای بەهانا وەچوونی کردووە.

پێشتر ئەو پێشمەرگەیە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندبوو کە "بەداخەوە لە دوای بڵابوونەوەی ئەو ڤیدیۆیەی كە باسم لە سەرماو نەبوونی نەوت و سوستەمەنی و كارەبا كردووە بۆ ڕەبایەكەمان "بنکە"، مووچەكەیان ڕاگرتم".

ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی گیریان خواردبوو ١٤ کەسبوون و دوای ڕزگارکردنیشیان یەكێك لە پێشمەرگەكان باری تەندروستی تێکچووبوو لە هۆش خۆی چووبوو.

ک.س