سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگه ڕایگەیاندووە، کە ئەو چەکانەی کە هێزەکانی پەدەکە بۆ دەڤەر باڵەکایەتی بردوویەتی، چەکی ئەڵمانی و ئەمریکیین و بۆ شەڕی داعش بە پێشمەرگە دراون.
ماوەی دوو ڕۆژە پەدەکە دەستی بە گواستنەوەی هێزێکی زۆر، چەکی قورس و زرێپۆش کردووە بۆ دەڤەری باڵەکایەتی و سەنگەرە کۆنەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ نوێ دەکاتەوە و ئەو هێزانە لەوێ جێگر دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا ببێت، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری هەناردنی ئەم هێزە نییە و ئەو هێزە بۆ دەڤەری باڵەکایەتی و بناری قەندیل بەڕێکراون هێزەکانی یەکەی هەشتای سەر بە پەدەکەن.
لەسەر ئەو چەکە قورسانەی کە لە دوێنێیەوە پەدەکە دەیانگوازێتەوە بۆ باڵەکایەتی، ئەو سەرچاوەیە بۆ بەستەرنیوزی ئاشکرا کردووە کە “بەپێی پڕۆتۆکۆڵی سەربازیی نێوان حکومەتی هەرێم و هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق، ئەم چەکانە تەنها بۆ شەڕی دژ بە داعش وەک هاوکاریی دراوە بە هێزەکانی پێشمەرگە، بەپێی پڕۆتۆکۆلەکە، کە لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان واژۆ کراوە، نابێت لە شەڕ لەدژی کوردان و یان شەڕی تر بەکاربهێنرێت”.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە وێنە و ڤیدیۆکانی کاتی گواستنەوەی ئەو هێزە بەردەست کەوتوون، دەرکەوتووە کە ئەو چەکانەی کە هێزەکەی پەدەکە بردوویەتی بریتین لە “زریپۆشی دینگڵ” و “مەتبەغی سەفەری” و “چەکی میلان” و “چەکی جیسی” و “دۆشکەی هاوپەیمانان”، کە چەکی ئەڵمانی و ئەمریکیین.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٧ لەکاتی هێرشی چەکدارەکانی ڕۆژ و پەدەکە بە هاوکاریی تورکیا بۆ سەر شارۆچکەی خانەسۆری شەنگال، هێزەکانی پەدەکە چەکی ئەڵمانیان لە دژی شەڕڤانانی یەبەشە بەکار هێنابوو، کە لەدژی ئەمەش حکومەتی ئەڵمانیان بە نامەیەکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی وشیار کردبووەوە و کە ئەو چەکانەی ئەوان بە پێشمەرگەیان داوە تەنها بۆ شەڕ لەدژی داعشە نەک بۆ کوشتنی کوردان.
ش.ف