هاوڵاتییەکی باکوری کوردستان کە لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە لە هێلیکۆپتەر خرابووە خوارەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرا.
ڕۆژی ١١ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠، عوسمان شیبان، کە هاوڵاتییەکی باکوری کوردستانە، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکەوە دەستگیرکرا و لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ناوچەی شاخی وان و ناوچەی ئەلکێی شرناخ، لەگەڵ هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی سەروەت تورگوت، لە هێلیکۆپتەر خرانە خوارەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی مەزۆپتامیا، ئەمرۆ هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک، لە ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین، هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی و ‘عوسمان شیبان’ـیان دەستگیر کردووە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، عوسمان کە لە ماڵەوە چارەسەری وەردەگرت، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک تا دوای کۆنترۆڵکردنی باری تەندروستیی، ببرێتە وان.
ب.ک