دووشەممە, 16 يول 2018 – 09:08 ڕۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی دهۆک، ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٠٧:٠٠ دوو کەس کەوتوونەتە ناو ئاوی زاخۆ لە نزیک پردی دەلال، کە یەکێکیان تەمەنی ٢٥ ساڵ و ئەوی دیکەیان ١٢ ساڵە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە دوای ئاگادارکردنەوەی تیمی مەلەوانیی(غەواس)ی زاخۆ، تیمەکە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە منداڵە ١٢ ساڵانەکە، کە خەڵکی زومار بووە ڕزگاربکەن، بەڵام نەتواندراوە گەنجەکە، کە نخەڵکی زاخۆ بووە ڕزگار بکرێت و لە ئاوەکەدا خنکاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی پێشتریش واتا ١٤/تەموز، دوو خوشکی تەمەن ١٤ و ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی ئامیان-ی سەر بە شارۆچکەی بەردەڕەش بوون و بەمەبەستی خۆ فێنککردنەوە چووبوونە ناو ئاوی خازر و هەردووکیان خنکان.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە پارێزگای دهۆک ٢٥ که س لە ئاودا خنکاون ١٨که سیش لە خنکان ڕزگارکران.
ش.ف