باران بێریتان: کورد پێویستی بە ناوەندێکی هاوبەش هەیە

باران بێریتان، ئەندامی مەجلیسی پژاک، ئاماژە بە گرنگیی یەکگرتنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت:"ئەگەر ئێمە دەمانەوێت لە ڕووی نێودەوڵەتییدا بەهێز دەرکەوین، ئەوا پێویستیمان بە ناوەندێکی هاوبەش هەیە".


باران بێریتان، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە بەرنامەیەکی ئاریەن تیڤی-دا تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکگرتنی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێشتریش لە پرۆژەیەکدا ئەو داواکارییەیان ئاڕاستەی لایەنە سیاسسییەکان کردبوو.

باران بێریتان، ڕایگەیاند:"ئەمڕۆ لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد و بە فکر و ڕامانی سەرۆک ئاپۆ، زهنیەت و ئەقڵیەتێکی هاوبەش لەناو گەلی کوردا دروستبووە، گەلی کورد قۆناغی پارچەبوونی تێپەڕاندووە، باشترین نموونەش بەشداریی بەرچاوی تێکۆشەرانی گەلی کوردە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئیدی سنوور واتای نەماوە، پەیماننامەکانی سایکس بیکۆ و لۆزان تێکچووە، ئەم سەردەمە سەردەمی سەر لەنوێ دیزاین کردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە".

بران بێریتان، باسی لەوەش کرد"کاتێک ناوی پارتی سیاسیی لە خۆمان دەنێین، ئەو کاتە مەرجە کە بە پێی لۆژیکی سەردەم سیاسەت بکەین، ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوی کورد شەهید دەبێت، ئەوەی بۆ ئێمە زۆر پێویستە، ئەوەیە کە ئێمە بتوانین هێزێکی سەربازیی هاوبەش و شارەزا و سەردەمییانە دروستبکەین، کە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا بتوانێت گەلەکەمان بپارێزن".

باران بێریتان، باسی لە گرنگیی لایەنی دیبلۆماسیی بۆ گەلی کورد کرد  و وتی:"ئێمە لە پرۆژەکەماندا ئاماژەمان بە گرنگیی و ڕۆڵی دیبلۆماسیی داوە، ئەمڕۆ هیچ کەس ناتوانێت بچێت لە واشنتۆن و ئەمریکا، پاریس و فەرەنسا یان لە لەندەن نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات، ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، تەنها ڕەنگ و بۆنی بەرژەوەندی تەنگی حیزبایەتییە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت وەک حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتیدا بەهێز دەرکەوین، ئەوا پێویستیمان بە ناوەندێکی هاوبەش هەیە".

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک، جەختیکردەوە، کە ئەوان دژی شەڕی ناوخۆن و وتی، دەبێت لایەنە کوردییەکان ئەزموون لە ڕابردوو وەرگرن، کە بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەشەوە دەرفەتە زێڕینەکانیان لەدەستچوو، وتیشی:"ئێمە ڕێگا نادەین ئەو ئەزموونە، واتە ئەزموونی شەڕی ناوخۆ دووبارە ببێتەوە، لەئێستا شەڕێکی تایبەت هەیە کە هانی پارتیە سیاسییەکان و دۆستان و لایەنگرانیان دەدات، کە ئەو ئەزموونانە دووبارە بکەنەوە، ئێمە هەڵوێستمان هەڵوێستی گەلەکەمانە، هیچ کات گەلەکەمان لەگەڵ شتێکی وەهادا نەبوون، هەر بۆیە ئێمەش هەڵوێستی گەلەکەمان دەکەین بە کردار".

لە کۆتایی قسەکانیشدا، ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە و خوێنی ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان بە هەدەر نەچن، ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، کە ئەو پرۆژەیە بەسەر بخەین و بتوانین هاوبەشییەکی فکریی لەنێوان خۆماندا دروست بکەین، دوابەدوای ئەوە مەجلیسێکی نەتەوەیی و هێزی دیبلۆماتیک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوا بکەین، ئەوە ئەرکی ئێمەیە و دەبێت ئەرکی خۆمان بە جێ بهێنین".

ش.ف