سێشەممە, 24 يول 2018 – 13:30 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هاوڵاتیانی شارەدێی هەریری سەربە شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر لەدژی ئەو کردەوانەی ئەمریکا لە دەشتی هەریردا ناڕازین و باوەڕیان وایە، دروستکردنی ئەو بارەگایانە نەک تەنیا ناوچەکەیان لێ بەسەربازی دەکات، بەڵکو زیانی قورسیشی بۆ ژینگەکەیان هەیە.
هەندێک سەرچاوە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە لەناو ئەو بارەگایانەدا هێزەکانی تورکیا بە جلی مەدەنییەوە هەن و پرۆژەکە بە هاوبەش لەلایەن تورکیا و ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت.
پێشتریش ڕاگەیەندرابوو، کە ئەمریکا بەنیازە هێزەکانی تورکیا لەو بارەگایانەدا جێگربکات.
خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کە بارەگای هەریر گەورەترین ناوندی سیخوڕی و سەربازیی ئەمریکا و تورکیایە لە ناوچەکەدا و فرۆکە سیخوڕییەکانی سوپای تورک لە فڕۆکەخانەی هەریرەوە هەڵدەستن و دەفڕن بۆسەر ئاسمانی برادۆست، خنێرە و قەندیل، واتە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی سوپای تورک لە دژی ئەو ناوچانەی کوردستان لەو فڕۆکەخانەیەوە فەرماندەیی دەکرێت.
سوپای تورک لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە ١١ بارەگای نوێی لە برادۆستی سەربە باشوری کوردستان دروستکردووە و بەردەوامە بۆ زیادکردنی ئەو بارەگایانە، هەریریش لە دەڤەری برادۆست نزیکە و پێدەچێت بکرێتە یەکێکی دیکە لە ناوەندە سەربازی و سیخوڕییەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان.
هەریر شارەدێیەکی سەربە شارۆچکەی شەقڵاوەی پارێزگای هەولێرە، لەڕووی جوگرافیشەوە دەکەوێتە نزیک چیای بەنی هەریر.
هاوڵاتیانی ناوچەکە دەڵێن، کە پارە بەسەر هەندێک کەسی خەڵکی ناوچەکەدا دابەشکراوە، بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵک بکەن دژی دروستکردنی ئەو بارەگایانە نەوەستنەوە.
س.ح