دووشەممە, 17 سبت 2018 – 09:17 ڕۆژنیوز – کەرکوک
بەپێى لێدوانى پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراق، تورکیا و عەرەبى سوننە فشار دەخەنە سەر ڕاکان سەعید جبوری، بۆ ئەوەى نەبێتە پەرلەمانتار و لە پۆستى پارێزگارى کەرکوک بمێنێتەوە، پارێزەرێکیش دەڵێت: ئەگەر تا ٩٠ ڕۆژ سوێند نەخوات مافى پەرلەمانتارى لەدەست دەدات.
لەدواى ڕووداوەکانى ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ و هاتنەوەى هێزە عێراقییەکان بۆ کەرکوک، ڕاکان سەعید، جێگرى نەجمەدین کەریم، پارێزگارى پێشووى کەرکوک، بە فەرمانى حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق، کرایە پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت و تا ئێستا بەردەوامە لە پۆستەکەی، ئەگەرچی کورد زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە کەرکوک بەدەستهێنا، بەڵام تا ئێستا ئەو پۆستە نەدراوەتەوە بەکورد.
لە هەڵبژردنى ١٢ی ئایاری ئەمساڵدا، ڕاکان سەعید، لەسەر لیستى هاوپەیمانى عەرەبى لە پارێزگاى کەرکوک، دەنگى پێویستى بەدەست هێنا بۆ ئەوەى ببێتە ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەو پێیەش دەبێت دەستبەردارى پۆستى پارێزگارى کەرکوک ببێت، بەڵام فشارەکانی تورکیا و سوننەکانی نزیک لە تورکیا، لە هەوڵی بەردەوامدان ڕێگا نەدەن پارێزگار پۆستەکەی بەجێبهێڵێت، پارێزەرێکیش پێی وایە، کە پارێزگار هەر لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستەکەیەوە بە نایاسایی بووەو ئێستاش مانەوەی نایاساییە.
بەپێى یاساى هەڵبژاردنى عێراق، ئەو کەسەى کە وەک ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە هەڵبژاردندا سەردەکەوێت، سەرپشکە لەوەى دەبێتە ئەندام پەرلەمان یان لە پۆستە ئیدارییەکەى پێشوویدا دەمێنێتەوە، بۆیە لە ئێستاشدا ڕاکان سەعید، دەبێت یەکێک لەو پۆستانە هەڵبژێرێت.
بە وتەی چاودێرانی سیاسیی، تورکیا و سوننەکان نایانەوێت جبوری دەست لەو پۆستە هەڵبگرێت، چونکە لەوە دڵنیان دواتر دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت و کوردیش زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و بە مافی خۆی پۆستەکە وەردەگرێتەوە.
شوان داودى، ئەندامى خولى سێهەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەوەى بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد، کە فشار لەسەر ڕاکان سەعید هەیە بۆ ئەوەى لە پۆستى پارێزگارى کەرکوک بمێنێتەوە و، وتىشی:”بەپێى زانیارییەکانى من، ڕاكان سەعید، لە ژێر فشارێكی گەورەدایە لەلایەن تورکیاوە لەڕێگەى تورکمانەکانەوە و لەلایەن عەرەبى سوننەوە، داوای لێدەكەن لە كەركوكدا بمێنێتەوە و نەبێتە پەرلەمانتار، لانیكەم دەیانەوێت تاوەکو ئەنجامدانى هەڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاکان كە بڕیارە لە مانگی ١٢ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت بمێنێتەوە”.
وتیشى:”لە بەرامبەردا بەڵێنی ئەوەیان پێداوە، كە ئەگەر كورسیەكەشی لەدەستدا لە پەرلەمان قەرەبووی ئەو چوار ساڵەی بۆ بكەنەوە بە پۆستى دیکە”.
شوان داودى ئاماژەى بەوەشکرد، کە لە ڕۆژى سوێندخواردنى ئەندامانى خولى چوارەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەو لەوێبووە و بینیویەتى کە ڕاکان سەعید، سوێندى نەخواردووە و ڕۆشتووەتە دەرەوە.
هەروەها پارێزەر وریا محەمەد، ئاماژەى بە لایەنى یاسایى سوێند خواردنى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کرد و بە ڕۆژنیوزى وت:”بەپێی یاسا هەر كاندیدێكی سەركەوتوو بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دەبێت لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا سوێندى یاسایى بخوات، ئەگەر لەو ماوەیەدا سوێند نەخوات ئەوا مافى پەرلەمانتارى لەدەست دەدات و لیستەکەى کەسێکى دیکە لەشوێنى دیارى دەکات”.
ناوبراو پێشى وایە، کە راکان سەعید پارێزگارێکى یاسایى نییە، لەبەر ئەوەى لەلایەن ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک-ەوە دەنگى پێنەدراوە، دەشڵێت:”هەركات ئەنجومەن كۆبووەوە و بەكۆی دەنگ پارێزگارێكیان هەڵبژارد، ئەوا راكان سەعید بەپێی یاسا لادەبرێت لەو پۆستەدا”.
https://youtu.be/GNns6lglG-A?=
س.ح