هاوسەرۆکی یەنەکە ڕایگەیاند، خوێندکاران کوڕ و کچی ئێمەن، چاوەڕێم دەکرد حکومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، بەڵام حکومەت نەیتوانی داواکاریەکانی ئەوان جێبەجێ بکات، ئەوان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی حزبەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەن.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان(یەنەکە)، دوای کۆبونەوەی لە گەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕایگەیاند: من هیچ داواکاریەکم لە خوێندکاران نەبوو، ئەوان چەند داواکارییەکیان هەبوو، من چاوەڕێم دەکرد حکومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، ئەوانە کوڕ و کچی ئێمەن، بەداخەوە حکومەت نەیتوانی داواکاریەکانی ئەوان جێبەجێ بکات، ئیشەڵا ئێمە میکانیزمێک دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی حزبەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەین.
ئەو باسی لەوەکرد کە ئەو هیچ بەڵێنێکی بە خوێندکاران نەراوە و بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە قسەیان کردووە و داواکارانی خوێندکارانی بە ڕەوا زانی.
ئەو لە بارەی کوژرانی موراد کانی کوردەیی ئەفسەری پۆلیس کە ئەندامی حزبەکەی خۆیەتی وتی: بۆ کوژرانی هەرکەسێک هەر حزبێک بێت من فەرمیەن داوام لە کاک قوباد کردووە، لیژنەی لێکۆڵینەوە ئامادە بکات بۆ ئەم کەیسە، بۆمان دەربکەوێت هەرکەسێک نایاسایی کردووە ئیجرائاتی خۆمان دەکەین، بەڵام ئێمە بۆ کەیسی خوێندکاران هاتوین.
هاوسەرۆکی یەنەکە ئاماژەی بەوەکرد حزبەکیان هەستاوەتەوە و بەردەوامن لە گۆڕانکاری وتیشی: ئەوانەی دەرکراون دەرکراون یەک ملیۆن ساڵیتر نایەنەوە ناو یەکێتی قەت قەت نایەنەوە زۆر بە وازحی ئەوەم وتووە.
ها- غ