باندێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەند تۆمەتبارێکی دیکەی ڕاگەیاند.


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لەبینای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند.

لە کۆنگرەکەدا سەرکەوت ئەحمەد ڕایگەیاند، لە ٩ی شوبات، باندێکی پێنج کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەرو کریستاڵەوە دەستگیرکراون، وتیشی: تا ئیستاش لێکۆڵینەوەکانمان لەڕوداوەکە بەردەوامە.

سەرکەوت ئەحمەد باسی لە شێوازی دەستگیرکردنی ئەو باندەکرد و وتی: سەرەتا هەواڵی دیارنەمانی ژنێکمان پێدرا، دوای بەدووداچونەکانمان بۆمان دەرکەوت، کە ژنەکە لەگەڵ یەکێکی دیکە لەم تۆمەتبارانە، لە باخێکدان لە پیرەمەگروون، دوای ئەوەی بانگکرانە لێکۆڵینەوە، توانرا بەو تۆمەتە چەند کەسێکی دیکەیان لەگەڵدا دەستگیربکرێن.

وتیشی: بەپێی لێکۆڵینەوەکان خاوەنی باخەکە تۆمەتباری یەکەمە و لە ئۆتۆمبێلەکەشیدا دەستبەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا گیراوە، ئێستاش سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر بەندکراون.

هەر لە کۆنگرەکەدا پۆلیس دەستگیرکردنی ١٥ کەسی دیکەی بە تۆمەتی  تەقە کردن لەماڵان و دزیکردن دەستگیرکرداون و دەستیش بەسەر چەند جۆرێک چەک و کەرەستەیاندا گیراون.

س.ح