بانگەشەى خۆکوشتنى ژنێک دەکرێت

ژنێکى تەمەن ٤٨ساڵ، لەماڵى باوکى، لە شارەدێى حاجیئاوا، بەهۆى ئەوەى بە پەتێک هەڵواسراوە گیانى لەدەستدا، بەگوێرەى وتەى کەس و کارەکەى خۆى خۆى هەڵواسیوە، پۆلیس پەڕاویى لێکۆڵینەوەى بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە.


ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٠٠ى پاشنیوەڕۆ، لەشارەدێى حاجیئاواى، سەر بە شارۆچکەى ڕانییە، سەر بە دەڤەرى ڕاپەڕین، ژنێکى تەمەن ٤٨ ساڵ بە هۆى هەڵواسینەوە لە ژورێکى ماڵى باوکى گیانى لەدەستداوە.

ژنە تەمەن ٤٨ ساڵەکە، ناوى (ش.ع) خاوەنی هاوسەرە و یەک منداڵیان هەیە، دانیشتووی گەڕەکی  سەردەمن لە شارەدێی حاجیاوا، بەسەردان چووە بۆ ماڵی باوکی، لەوێ ئەو ڕووداوەى بەسەردێت، بە گوێرەى وتەى کەسوکارەکەى نەخۆشى دەرونى هەبووە، بەڵام نەگوتراوە چ نەخۆشییەکى دەرونى هەبووە.

پۆلیسى ڕاپەڕین، لەدواى ئەوەى دەگاتە شوێنى ڕووداوەکە، تەرمەکەی بەڕێدەکات، بۆ پزیشکی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە، پۆلیسى ڕاپەڕینیش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە دەکاتەوە، بەڵام لەسەر ئەم ڕوداوە کەس دەستگیر نەکراوە. لێکۆڵینەوەش لە ڕوداوەکە بەردەوامە.

د.ع