هاوسەرۆکی جێبەجێکاری پاراستنی شوێنەوارەکانی هەرێمی فورات لە ڕۆژئاوای کوردستان، داوا لە یونسکۆ دەکات کە ئەرکی خۆی پێکبێنێت و سنوورێک بۆ بە تاڵانبردنی ئاسەوارەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دابنێت.
هاوشێوەی کردەوەکانی داعش لە عێراق و سوریا کە شوێنەوارە مێژووییەکانیان وێران دەکرد و ئاسەوارەکانیان بە تاڵان دەبرد، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەمان کردەوە دووبارە دەکاتەوە، دواینترینیان ئەوەیە، کە بە بیانووی دروست کردنی بنکەی سەربازی سوپای تورک گردێکی مێژووی کە مێژووەکەی بۆ ٣٠٠٠ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە هەڵدەکۆڵێت.
لە سەر ئەم بابەتە عەلی سلێمان هاوسەرۆکی جێبەجێکاری پاراستنی شوێنەوارەکانی هەرێمی فورات ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورک تەواوکەری ڕێبازی داعشە کە شوێنەوار و کلتووری گەلانی لە ناو دەبرد.
سلێمان هەروەها لەسەر کردەوە دژە مرۆییەکانی دەوڵەتی تورک دەستنیشانی دەکات، کە دەوڵەتی داگیرکەر بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامە و کلتووری هەرێمە داگیرکراوەکانی عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی، هەوڵ بۆ سووتاندن و تاڵانکردنی شوێنەوارەکان دەدات.
عەلی سلێمان باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورک گردی سەهران لە گوندی خربەت ڕزی حەمام تورکمان و تل حەلەفی سەرێکانی وێران کردووە، ناوبراو هەروەها بانگەوازییەکی ئاراستەی یونسکۆ کرد، کە لە بەرامبەر ئەم کردەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بەرپرسیاربن و سنوورێکیان بۆ دابنێن کە کۆتایی بە ئەم تاڵانکاریانە بێن.
جێگای باسە، کە لە عەفرین لە پاش ساڵی ٢٠١٨ـەوە سەرجەم شوێنەوارەکانی ئەو هەرێمانەی کە داگیرکراوە و مێژووی هەندێکان بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خاپوور کراون و ئاسەوارەکانی بە تاڵانبراون بۆ تورکیا.
س.ح