بانگەوازییەک لە پەکەکەوە

کۆمتیەی بەرێوەبەریی پەکەکە بانگی لە هەموو دژە فاشیستەکان و دیموکراتەکان کرد، کە لە دژی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمرالی بوەستنەوە و چالاکی ئەنجام بدەن، ڕاشیگەیاند: کە لە چەند هەفتە و مانگەکانی بەردەمماندا سەرکەوتنی گەورەی ئازادیی مێژوویی بەدەست دێت.


لە ساڵیادی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکەدا، کە هاوکات گۆشەگیرییەکی توندی خراوەتە سەر، ئەمڕۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

پەکەکە باسی لە مێژووی گەلەکۆمەی سەر ئۆجالان کردووە و ئاماژەی بە بەشێک لەو وڵاتانە کردووە، کە دەستیان لە گەلەکۆمەکەدا هەبووە و هاوکاریی ئەمریکایان کردووە، ئەویش دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی ئیسرائیل، بەریتانیا، ڕوسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، میسر و یونان.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیەیە:

بەرخۆدانێکی بێ هاوتا

پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و بەرخۆدانی ئازادی لە دژی پیلانگێڕییەکە دەچێتە ٢١ ساڵەوە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی بەرخۆدانێکی گەورە ئەنجام دەدات، ئێمە سەرەتا و پێش هەموو شتێک ئەو بەرخۆدانە بۆ ئازادی پیرۆز دەکەین و بە ڕێز و حورمەتەوە سڵاو لە ئەندازیارەکەی، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، ئێمە بەرخۆدانی قارەمانانەی گەلەکەمان لە دژی پیلانگێڕی پیرۆز دەکەین و لە کەسایەتیی خالید ئۆراڵ و ئاینور ئارتان دا بە ڕێز و حورمەتەوە یادی شەهیدانی قارەمانی  بەرخۆدانی فیدایی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن' دەکەینەوە، جارێکیتر بەڵێنەکەمان بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

بە هەڵمەتی بەرخۆدان پێشوازیی لێدەکرێت

بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و گەل، ئێمە ٢١-ەمین ساڵی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بە هەڵمەتی بەرخۆدانی 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەن' پێشواز دەکەین، بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن کە هەڵمەتێکی ئازادیی مێژوویی دەستیپێکردووە و هەڵمەتەکە بە هەموو شوێنکی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاوبووەتەوە، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە ئێستاوە تەنگاو بوون، وەک دەبینرێت هەڵمەتی بەرخۆدانەکە بەردەوامیی هەیە و بەردەوامیشی پێدەدرێت، هەڵمەتەکە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی تێکدەشکێنێت و پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات هەڵدەداتە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو لە لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز و هەموو چالاکوانە مانگرتووەکان دەکەین و بڕوامان بەوە هەیە، کە لە چەند هەفتە و مانگەکانی بەردەمماندا سەرکەوتنی گەورەی ئازادیی مێژوویی بەدەست بهێنین.

بانگەواز بۆ پاککردنەوەی پەڵەی ڕەش

وەک دەزانرێت پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هەوڵی دەدا لە کەسایەتیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دا بوونی کوردان و ئازادییەکەی پاکتاو بکات، پیلانگێڕییەکە لەلایەن بەڕێوبەریی ئەو کاتی ئەمریکا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ بە چوونە دەرەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە سوریا دەستیپێکرد و بە ڕفاندن لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە کینیا چووە قۆناغێکی دیکە، بۆ ئەنجامدانی پیلانگێڕیی ١٥ی بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی ئیسرائیل، بەریتانیا، ڕوسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، میسر و یونان هاوکاریی ئەمریکایان کرد، بەو شێوەیە ڕێبەری ئازادیی سەردەمەکەمان دیلکرا، کە لە کەسایەتیی کورد دا بۆ هەموو گەلان و مرۆڤایەتی تێدەکۆشا، ئەو هێرشە سەرەتا بۆ سەر گەلی کورد و هەموو گەلان و ژنان سوکایەتییەکی گەورە بوو، ئێمە بانگ لەو هێزانە دەکەین، کە پێویستە کۆتایی بە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنن و  ئەو پەڵە ڕەش و سوکایەتییە پاک بکەنەوە.

هەموو شتێک ڕووی لە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالییە

ئێمە ئەمڕۆ ئەوە باشتر دەبینین، کە پیلانگێڕییەکە بەهۆی دۆزی سەدەی کوردانەوە ئەنجامدراوە و وەک سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی بەشێوەی زەق و کۆنکرێتی خۆی خستووەتەڕوو، ئێمە باش دەزانین دۆزی کوردانیش لەسەر بنەمای قبوڵنەکردنی بوونی کوردان، عەقڵییەت و سیاسەتێکی پاکتاوکارانەیە، فاشیزم، شەڕی تایبەت، پیلانی هێرشەکان بۆ خاپوورکردن، کوشتار و زیندانیکردن، هێرشە دڕندانەکانی سەر عەفرین تاوەکو برادۆست بەو هۆیەوە ڕوو دەدەن، ئەوانە هەموویان لەسەر بنەمای ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی، لەمڕۆدا بوونەتە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی فاشیست، لەبەر ئەوەش هەموو شتێک ڕووی لە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالییە.

بانگ بۆ هێزە دژە فاشیستەکان

لەبەر ئەوەش دژایەتیی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی بەمانای دژایەتیکردنی پاکتاو و سڕینەوەی کوردە، دژایەتیکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بە مانای دژایەتیکردنی دیکتاتۆریی فاشیستە، لەبەر ئەوەش ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن، ئێمە دژە فاشیستین و دیموکراتین، پێویستە لە بەرامبەر سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی بوەستنەوە و پێویستە بۆ خوڵقانی دۆخی ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن، ڕێگای ئاشتی و دیموکراسی لە کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوەدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەش ئێمە بانگ لە هەموو هێزە دژە فاشیست و دیموکراتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا دەکەین، کە بەشداری لە هەڵمەتەکەماندا بە ناوی 'ئێمە گۆشەگیریی تێکدەشکێنین و فاشیزم هەڵدەوەشێنین' بکەن.

تورکیا هیچ دیموکراسییەکی تیادا نەماوە

ئێمە زۆر باش دەزانین، کە پیلانگێڕیی دڕندانەی ١٥ی شوبات بەو ئەندازەیەی کە هەوڵ دەدات هەبوون و ئازادیی کوردان بسڕێتەوە بەو ئەندازەیەش دیموکراسیی لە تورکیا کردووەتە ئامانج، ئەوەی کە دەبینرێت، ئەوەیە لە تورکیا مسقاڵەزەڕەیەک دیموکراسیش نەماوە، پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی لە تورکیا بە مانای گوشاری فاشیزم، تیرۆر، داگیرکەری، برسیکردن و هەژارکردنە، لەبەر ئەوەش دەبێت زۆرترین گەنج، گەل و ژنان لە تورکیا لە دژی گۆشەگیری بوەستنەوە، هەربۆیە سەرەتا بانگ لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی گەلان- تەشەیەگە، و هەموو هێزە دیموکراتییەکان، ژنان و گەنجانی تورکیا دەکەین، بەشداری لە هەڵمەتی 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین و فاشیزم هەڵدەوەشێنین' بکەن و بەشداری لە تێکۆشانی تورکیای دیموکراتیدا بکەن.

ئیدی ژیان لەگەڵ ئەو سیستمەدا نابێت

گەلەکەمان ٢٠ ساڵە '١٥ی شوبات' بە 'ڕۆژێکی ڕەش' ڕاگەیاندووە و ئەو ڕۆژەش بە ئەنجامدانی چالاکی لە دژی پیلانگێڕی دەوەستنەوە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش ئەو ڕۆژە بە 'ڕۆژی سڕینەوەی کورد' پێناسەکردووە و بانگی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دەبینین، کە ١٥ی شوبات دەکاتە ڕۆژێکی چالاکی و بەرخۆدانی ئازادی و دیموکراسی، دیسانەوە ئێمە بزووتنەوە و گەل لە هەموو شوێنێکدا بە چالاکییەکانی مانگرتن، ڕێپێوانەکان، کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، ناڕەزایەتییەکان و چالاکییەکانی گەریلا پێشوازی لەو هەڵمەتی بەرخۆدانە دەکەین، گەلی کورد پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی قبوڵ ناکات، گەلی کورد دەیەوێت گۆشەگیری تێکبشکێنرێت و فاشیزم هەڵبوەشێنرێت و کوردستان ئازاد ببێت و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجی ئازاد دا بژی.

گەلی کورد پێداگیر و بە بڕیارە

پێویستە هەموو کەس ئەوە ببینێت، کە لەو بوارەدا بڕیار و پێداگریی گەلی کورد و دۆستەکانی ڕوون و ئاشکرایە، بڕیاری ژنان و گەنجانی کورد، لە ناو ڕیزەکانی حیزب و گەریلاکانماندا ڕوونە، ئیدی هیچ کەس ناتوانێت ئەو هێزانە ڕابوەستێنێت، ئەو هێزە ئیتر فیداییەکانی ئازادین و تاوەکو ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجی ئازاد دا نەژی، ئەوە هەڵمەتەکەیان بۆ ئازادی بەردەوامیی دەبێت،

گەنگە هەموو کوردێک لەو شوێنەدا کە تیادا دەژی و کاری تیادا دەکات، بکاتە شوێنی بەرخۆدان، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە و لە دژی سیستمی گۆشەگیریی ئیمرالی لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێکی فیداییانە، ژیانێکی فیداییانە و کوردستانێکی نوێ بونیات دەنێت.

بە دڵنیاییەوە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەڵدەوەشێت

گەل و دۆستەکانمان بەرگری و بەرەنگاری دەکەن و سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی تێکدەشکێنرێت و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە هەڵدەوەشێنرێت، گۆشەگیری تێکدەشکێنن و پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالی فڕێدەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە.

ساڵی ٢١ی دەبێتە ئەو ساڵە کە گۆشەگیریی تیادا شکێنراوە و فاشیزمی تیادا هەڵوەشێنراوەتەوە

ئێمە بانگ لە هەموو هاوڕێیانی حیزبمان، هێزەکانی گەریلا، گەل و دۆستەکانمان، هەموو ژنان و گەنجان دەکەین، کە لە ساڵیادی ٢١ دا لە بەرامبەر پیلانگێڕی و گۆشەگیریی ئیمرالی بەرخۆدانی ئازادی لە هەموو شوێنێک گەش بکەن و بیکەنە ساڵێک، کە ڕێبەر ئاپۆی تیادا ئازاد کراوە.

س.ح