بانگەوازیەك بۆ سەرۆك كۆمار بەرزكرایەوە دژی خاڵە گومركیەكان

لە كەركوك بانگەوازییەك لەڕێگەی ڕۆشنبیرانی شارەكەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران بەرزكرایەوە سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی خاڵە گومركییەكانی نێوان كەركوك و شارەكانی هەرێم.


کاتژمێر ٤:٠٠ى ئێوارەى ئەمڕۆ، لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە ناوەندى دیالۆک لە شارى کەرکوک، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس بانگەوازییەكیان بەرزکردەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار و لایەنی پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پێشلكاریی خاڵە گومركیەكانى نێوان شارى کەرکوک و شارەکانى هەرێم، بەتایبەت ڕێگەگرتن و كێشە دروستكردن بۆ كتێبێە كوردییەكان.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بورهان سلێمان، ڕۆژنامەنووس ڕاگەیەندراوى هاوبەشى ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانى شارى کەرکوکى خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: "لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، كەركوك بە دۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت و دەیان دیاردەی دوور لە سیمای شارستانی دەبنرێت و چەندین بڕیاری دژ بە هاوڵاتیانی شارەكە دەردەكرێت".

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا، تیشک خرابووە سەر دانانى خاڵى گومرگى، لەنێوان شارى کەرکوک و شارەکانى هەرێمى کوردستان و دەڵێن: دواترین بڕیار كە بە شێوەیەكی ترسناك بژێوی هاوڵاتیانی كردۆتە ئامانج و گرانی خستۆتە شارەكەوە، دانانی خاڵی گومرگییە لەنێوان كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستان، بە پێی ڕێكەوتنێكی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم، كە تیایاندا هاوشێوەی بازگەكانی سەردەمی حیزبی بەعس سەرانەو باج بە شێویەكی هەڕەمەكی لە خەڵكی وەردەگیرێت، كە زۆربەشی ناچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

لەو بانگەوازیەدا ئەوە رونكرابووەوە كە: دوا ڕەفتاری ترسناكی ئەو خاڵە گومرگییانە، قەدەغەكردن و گومرگ کردنى كتێبی و كوردی و مەلزەمەی خوێندنی كوردییە، كە ئەمەش تەنانەت لەسەردەمی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس-یشدا ڕووینەداوە، بەتایبەتی ئێستا لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا زمانی كوردی هاوشانی زمانی عەرەبی زمانی رەسمی سەرجەم عێراقییەكانە، بەردەوامی ئەم دیاردەیەش دەرهاویشتەو لێكەوتەی خراپ و ترسناكی لێدەكەوێتەوە.

ئەو کۆمەڵە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسەى شارى کەرکوک، داوا لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەن، کە پشتگیرى خەڵکى کەرکوک بکەن، بۆ هەڵگرتنى خاڵى گومرگى نێوان هەرێمى کوردستان و کەرکوک و لێپێچینەوە لە پێشێلکارییە دەستورییەکان بکەن کە لەو بابەتەدا کراوە، هەروەها داوادەکەن، کە پڕۆسەى خوێندن بەدوربگیرێت، لە ململانێ سیاسییەکان و حوکمى مەدەنى بۆ کەرکوک بگەڕێننەوە و حوکمى سەربازى لەسەر شارەکە هەڵگرن.

د.ع