باهۆز ئەرداڵ هۆشداریی دەداتە پارتی

باهۆز ئەرداڵ، ڕایدەگەیەنێت، کە بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی دەزگای پاراستنی پارتی هێرش دەکەنە سەر گەریلا و بانگەوازیی لە مەسعود بارزانی دەکات، کە بەر بەو خراپەکارییانە بگرێت، هۆشدارییش دەدات، "ئەوەی دەستی لە خوێنی گەریلادا هەبێت، بێ وەڵام نامێنێتەوە".


باهۆز ئەرداڵ، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی بڕیاگەی پاراستنی گەل- نەپەگە، لە بەرنامەیەکی ستێرک تی ڤی-دا تیشکی خستە سەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و تێکۆشانی گەریلا لەبەرامبەردا، هەروەها سەردانەکەی مەولود چاوشئۆغڵو، و سیخوڕییکردن بەسەر گەریلاوە.

"چاوشئۆغڵو لە باشور وەک پادشا پێشوازیی لێکرا"

ئەرداڵ، لەسەر سەردانەکەی چاوشئۆغڵو وتی: چاوشئۆغڵو و حکومەتەکەی لە باکوری کوردستان خەڵک دەستگیر دەکەن، زیندانیی دەکەن، دایکانی ٧٠ ساڵە ئەشکەنجە دەدەن، ڕۆژانە مرۆڤ دەکوژن، بەڵام کاتێک دێنە باشوری کوردستان وەک پادشا پێشوازیی لێدەکرێت، خەڵکی ئێمە لە باشوری کوردستان بەوە ئازاریان پێدەگات، دەشکێت و لەمە تووڕەیە، باوەڕیش ناکەم پێی دڵخۆش بن، حکومەتی ئاکەپە کە لە باکوری کوردستان کوردان قڕ دەکات، ڕێگە بە چالاکییەکی بچوک نادات، لە باشوری کوردستان دەبێتە دۆستی کورد، ئەمە مەحاڵە، ئەو دوو-سێ ساڵەی ڕابردوو باشییەکی هەبوو ئەوەش ئەمە بوو کە ڕاستیی ئەردۆغان ئاشکرا بووە، ئەوەی کەمێک زانیاریی لەسەر ناوچەکە هەبێت، دەزانێک کە شتێکی وەها مومکین نییە، تا چەند ساڵ لەمەوبەر هەندێک کەس دەیانوت:"ئەردوغان دەیەوێت بۆ کێشەی کورد هەنگاو بهاوێژێت"، بەڵام دەیانویست پەکەکە تاوانبار بکەن، پەکەکە و سەرۆک ئاپۆ-ش لەبەرامبەر هەنگاوی ئەوان، دووهەنگاوی بۆ ئاشتی هەڵگرت، ئاشکرا بوو کە ئەردۆغان لە قبوڵکردنی کێشەی کورد درۆ دەکات، ئاشکرا بوو کە ئەردۆغان دووژمنی کوردە، هەبوونی کورد قبوڵ ناکات، باوەڕمان وایە ئەوانەی گومانیشیان هەبوو، بۆیان ڕوون بووەوە، دەوڵەتی تورک تەنیا دووژمنی کورد لە باکور و پەکەکە نییە، وەک ئەوەی هەندێک کەس دەڵێین:"ئێمە کوردمان خۆشدەوێت، بەڵام پەکەکە خراپی دەکات"، پەکەکە کێیە؟ پەکەکە مافی کورد دەپارێزیت.

چەند نمونەی مێژوویی نزیک لەسەر دووژمنایەتی دەوڵەتی تورک

باهۆز ئەرداڵ لەسەر دووژمنایەتی دەوڵەتی تورک وتی: لە ساڵی ١٩٣٦ـدا، کە هێشتا سوریا لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسا بوو، گروپێک گەنج لە دیمەشق تیمێکی تۆپتۆپێن-یان دامەزراند بەناوی "دڵەکانی کوردستان"، ئەو کاتە شاندی تورکەکان بە فەرەنسایان وت:"ئێمە قبوڵی ناکەین"، ساڵی ١٩٤٩، لەسوریا کودەتایەکی سەربازیی پێکهات، دەسەڵاتیش حسنی زاعم بوو، کە کەسێکی کورد بوو، سەرۆک وەزیر موحسین بەرازیی بوو، ئەویش کورد بوو، خاوەنداریشیان لە مافی کورد نەدەکرد، کاتێک کودەتا کرا، دەوڵەتی تورک وتی: شکستیان پێبێنن، تا دەتوانن لێیان بکوژن، ئێمەش هاوکارییتان دەکەین، خۆیپێیڕانەدەگیرا کەسێکی کورد کە تەنانەت خاوەنداریی لە مافی کوردیش ناکات، دەسەڵاتی هەبێت، ساڵی ١٩٥٩ جەمال عەبدولناسر، فەرمانی دەرکرد کە چەند کاتژمێرێک بەرنامە بە کوردی بڵاو بکرێتەوە، شاندی تورک وتیان: قبوڵ ناکەین ڕادیۆ میسر بە زمانی کوردیی بەرنامە بڵاو بکاتەوە، ساڵی ١٩٥٦ لە سویسرا گەنجێکی کورد بەناوی نورەدین زازا کە خوێندکاری زانکۆ بوو، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵەیەکی خوێندکارانی کوردی دامەزراندبوو، تورک هەڕەشەیان لە سویسرا کرد و وتیان:"پێویستە ئەو کەسە لە سنوور وەدەر بنرێت"، تەنانەت لە باشوری کوردستان پەیمانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کاتێک سەدام حسێن حوکمی زاتیی بۆ باشوری کوردستان قبوڵ کرد، یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێی نەبوونی دەوڵەتی تورک بوو کە هەڕەشەی لە سەدام کرد و وتی:"ئێمە قبوڵ ناکەین هیچ حوکمی زاتییەک بە کوردەکان بدرێت، ئەگەر تۆ ئەو مافە بە کوردەکان بدەی، کوردی ئێرەش بەهێز دەبن و بۆ ئێمە سەرئێشە دروست دەکەن"، ئەم ڕۆژانەی دوایی لە ژاپۆن، زانکۆیەکی تۆکیو بڕیاری داوە، کە وانەی کوردی تێدا بوترێتەوە، چاوشئۆغڵو کە لە هەولێر وەک پاشا پێشوازیی لێکرا دەڵێت:من قبوڵ ناکەم لە تۆکیۆ خوێندن بە زمانی کوردیی بێت. ئەمانە دەریدەخات کە دەوڵەتی تورک چەندە دۆست و چەندە دووژمنی گەلی کوردە، کێشەی دەوڵەتی تورک و کێشەی زیهنیەتی دەسەڵات لە تورکیا، تەنیا کێشەی باکور نییە، تەنیا کێشەی پەکەکەش نییە، هەبوونی کورد، مافی کورد، ئازادیی کورد لە هەر شوێنێک قبوڵ ناکات، نایەوێت لە ژاپۆن زمانی کوردیی بخوێندرێت، ئەو کەسانەی لەناو دەسەڵاتی باشوری کوردستانن ئەگەر تا ئێستا لەو ڕاستیە تێنەگەیشتوون، پێویستە لەمەودوا تێبگەن، مومکین نییە سیاسەتی کلاسیکی دەوڵەتی تورک لە بەرژەوەندیی گەلی کورد بێت، مەحاڵە بۆ باشوری کوردستان ببنە دۆست، مەحاڵە بیر لە خێر و داهاتووی باشووری کوردستان بکەنەوە، ئەوەش باش دەزانن کە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان بە داعش هێرشیان کردە سەر.

"سیاسەتی دەسەڵاتی باشوری کوردستان مەترسی لەسەر کوردستان دروست دەکات"

باهۆز ئەرداڵ، هەڵوێست و سیاسەتی دەسەڵاتی باشوری کوردستانی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان وەک سیاسەتێکی تەسک و ناکوردستانی دەبینێت و دەڵێت: ئەو لایەنانەی سەرکردایەتی باشوری کوردستان دەکەن لە سیاسەتدا تێڕوانینێکی تەسکیان لەسەر کورد و کوردستان هەیە، سیاسەتێک کە خۆی لە قاڵبێکدا قەتیس کردووە، بەو سیاسەتە دەڵێت: من کارم بەسەر پارچەکانی دیکەوە نییە، بۆ نمونە: باشوری کوردستان پێگەیەکی هەیە، هەندێک دەسکەوت دروست بوون، ئەوە بە ڕێکەوت لە ٩٠ـەکان دروست نەبووە، ساڵی ١٩٧٠ لەوانەبوو شتێک وەها لە باشور پێکبێت، ئەو کاتە لە نێوان ئیسرائیل وعەرەبەکان شەڕ هەبوو، ناوچەکە ئاڵۆز بوو و ئەو کاتەش دەرفەت هەبوو پێگەیەکی وەها دروست بێت، ساڵی ١٩٨٠ لە شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا، ئەو کاتەش دەرفەتی دروستکردنی پێگەیەک لەو شێوەیە هەبوو، بۆ ئەو کاتە ئەوەیان نەکرد؟ چونکە ئەو کاتە لە پارچەکانی دیکە تەڤگەری کورد نەبوو، یان بێ کاریگەر بوون، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی باشور لەسەر پێی ماوەتەوە، لە نزیکەوە پەیوەندیی بە ئاگری شۆڕشی باکوری کوردستانەوە هەیە، لە باکور دوای ئەوەی شۆڕش بە پێشەنگایەتی پەکەکە دەستیپێکرد، ساڵی ١٩٩٠ بەهێز بوو، سەرهەڵدان کرا، گەریلا گەورە بوو و دەوڵەتی تورکی تەنگاو کرد، ئەوەش ڕێگەی نەدا کە وەک جاران دەوڵەتی تورک پێش لە باشوری کوردستان بگرێت، ئەمە ڕێگەی کردەوە کە باشوری کوردستان ببێتە خاوەن پێگە و خۆی لەسەر پێی بگرێت و تا ئەمڕۆ بێت، لەسەرئەمە پەیوەندییەکی دیالۆگیی لەنێوان باشور و پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هەیە، ئەگەر ئێمە دەست لە داهاتووی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەڵگرین و تەنیا بیر لە داهاتووی باشوری کوردستان بکەینەوە، پێویستە ئەوە بزانین کە ئەگەر تەڤگەری کورد لە باکوری کوردستان لەسەرپێ بێت، ئەوێ دەتوانێت خۆی لەسەرپێ ڕابگرێت و بەهێز بکات، ئەمان ئەگەر لێک جیا بکرێنەوە، یان گەورەبوونی شۆڕشی باکوری کوردستان وەک مەترسییەک لەسەرخۆت ببینی، ئەو کاتە بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی باشوری کوردستان ناکەیتەوە.

"بەڕێوبەرانی باشور لە کوردستان بەرپرسیارن"

باهۆز ئەردال لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێوبەرانی باشور بەرپرسیارن لە کوردستان و وتی: کاتێک کەوتنە تانگاویی، لە گەلیی ئۆرەمار، گەلیی قۆمتان، چەلێ، شەمزینان، جودی و لە ڕۆژئاوای کوردستان بوون، خەڵکی باکوری کوردستان هاوکارییان دەکردن، لە کاتی ئەنفال-دا خەڵکی باکور خواردنیان لە دەمی منداڵی خۆیان دەگرتەوە و خزمەتی خەڵکی باشوریان دەکرد، هەر کاتێک هێرش دەکرایە سەر باشوری کوردستان، خەڵکی باکور و تەڤگەری ئێمە هەمیشە خاوەن هەڵوێست و کاردانەوە بوون، هەرە دواییش کاتێک داعش هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان لە بەرەی گوێر، کێلەک، مەخمور، کەرکوک، شەنگال، ئەوانەی شەڕیان دەکرد، سەربازەکانی تورک نەبوون، گەریلاکانی پەکەکە بوون، تا لە دەستمان بێت، دەمانەوێت بەرپرسیاتەرتیمان لە کوردستان جێبەجێ بکەین، بەڵام بەرپرسیارێتیی ئەوانیش هەیە.

ئەردوغان دەڵێت؛ شتێک بەناوی کورد و کوردستان نییە، ئاخۆ بەڕێوبەرانی باشور چۆن بیر دەکەنەوە؟

ئەرداڵ، لەسەر قسەکانی ئەردۆغان کە دەڵێت:"شتێک بەناوی کورد و کوردستان نییە"، وەها قسەی کرد: بە شێوەیەکی ئاشکرا دەڵێت'کورد و کوردستان نییە'، داعشیش شتێکی وەهای نەکردووە، ئاخۆ هەڵوێستی بەڕێوبەرانی باشور لەسەر ئەمە چییە؟ بۆ ٣٠ ملیون کوردی باکور ئەمە دەڵێت، ئێوە دەڵێین ئێمە براین، باشە ئەگەر برای یەکین، ئێوە چۆن بیر لەو هەڵوێستەی ئەردۆغان لەسەر کوردانی باکور دەکەنەوە؟ یەک قسەشتان نەکرد، هاتن عەفرینیان داگیر کرد، قسەیەکتان نەکرد، عەفرین هی پەیەدە نەبوو، ئەوە بابەتێکی نەتەوەییە، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەولێر، کەرکوک و شەنگال ئێمە نەمانوت ئەمە هی یەکێتی‌یە، ئەوە هێ پارتی‌یە، ئێمە حزبیی بیر ناکەینەوە، بەڵکو کوردستانیی بیر دەکەینەوە، ئێمە وتمان مەترسیی لەسەر خەڵکەکەمان لە باشوری کوردستان هەیە و لەگەڵیانداین.

"پێویستە ڕۆشنبیرنی باشور ئەرکەکانیان جێبەجێی بکەن"

ئەو فەرماندەیەی نەپەگە، بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازییی لە ڕۆشنبیرانی باشور کرد و وتی: ئێمە بیر لە حزب ناکەینەوە، حکومەتی باشوری کوردستان ئەگەر دەیەوێت بەهێز بێت پێویستە کوردستانیی بیر بکاتەوە، سیاسەتی کوردستان بە بنەما بگرێت، ناچار نییە وەک جاران لە سێبەری دەوڵەتی تورک-دا بجوڵێتەوە و لەناو ئەو سنوورانەی دەوڵەتی تورک بۆی داناوە بجوڵێتەوە، پێشتر دەیانوت "ئێمە ناچارین"، بەڵام ئێستا ناچار نیین، چونکە بەهایەکی زۆریان داوە، تەڤگەری کورد زۆر بەهێزە، داواکاری ئێمە لە ڕۆشنبیرانی باشوری کوردستان لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی ئەوەیە کە ئەم بابەتە بنرخێنن، گفتگو لەسەر پەیوەندیی نێوان باشور و باکوری کوردستان و پارچەکانی دیکە بکەن، بۆ بە تایبەت دەڵێم باکوری کوردستان؟ چونکە دەوڵەتی تورک زیاترین دووژمنایەتی لەگەڵ کورد دەکات، هیچ مافێکی گەلی کورد قبوڵ ناکات و ئاستتەنگییە بۆ هەموو کەسێک، بۆیە پێویستە ڕۆشنبیرانی باشوری کوردستان و هەرکەسێک ئەوە گفتوگۆ بکەن.

"پێویستە بەڕێوبەرانی باشور سیاسەتێکی کوردستانی بە بنەما بگرن"

باهۆز ئەرداڵ، داوا لە هێزەکانی باشوری کوردستان دەکات کە سیاسەتێکی کوردستان  بە بنەما بگرن و وتی: دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان خاوەن پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ پارچە،کانی دیکە، پێویستە ئەمە ببینرێت، گفتوگوی لەسەر بکرێت و لێی تێبگەن و بەو پێیە زیهنییەت و سیاسەتێکی کوردستانی و نەتەوەیی پێشبکەوێت، با جارێکی دیکە خۆبەڕێوبەرییەکی باشور هەبێت، ئێمەش ڕێزی لێدەگرین، شەرت و مەرجەکانی باشور و عێراق لەبەرچاو دەگرین، بەڵام ئەگەر ئێمە لە سیاسەتی کوردستان ببڕین، هەم بۆ کوردستان و هەم بۆ سیاسەتی کوردستان مەترسیی و زیانە.

"بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە باشور شەڕی دژی گەریلا بەڕێوەدەبەن"

باهۆز ئەرداڵ، باسی لەوە کرد، کە ئەوان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی و نەتەوەیی و بۆئەوەی هێزە کوردییەکان لەبەرامبەریەک ڕانەوەستن، بەدەنگی بەرزڕەخنە لە هەندێک حزب ناگرن، کە هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن"ئێستا بۆ شۆڕشی کوردستان زۆر گونجاوە، کاتی ئەوە نییە دژایەتیی یەکتر بکەین، پێویستە لەیەکتر نزیکببینەوە، ئێمە هەتا ئێستاش هەوڵ بۆ ئەمە دەدەین".

"لەسەر خاکی باشور هێرش دەکەنە سەر گەریلا"

هەر لە بەردەوامیی قسەکانی باهۆز ئەرداڵ-دا هاتووە:"بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشور هێرش دەکەنە سەر گەریلا، پێشتر لەنێوان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-دا لێکتێگەشتن هەبوو، بۆیە نەماندەکردنە ئامانج، بەڵام دەبێت(پ.د.ک)ش ڕێگا نەدا کە ببنە هێرش لەسەر ئێمە، خەمی ئێمە ئەوەبوو، کە ئاسایشی کوردستان تێکنەچێت، ئەگەر ئێوە هاوکاریی ئێمەش ناکەن، با دووژمن نەکەوێتە نێوانمانەوە".

"بۆ پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان چەند ساڵە بێدەنگ بووین"

ئەرداڵ، زیاتر تیشکی خستە سەر بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە باشور و وتی:"ئێمە دەزانین، کە لەوبارەگایانەدا چەند سەرباز، چەند تانک و چەند فەرماندەی ئەوان هەیە، کە دەستیان لە خوێنی هەڤاڵانماندایە، بۆ پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان چەند ساڵە بێدەنگ بووین، ئێستاش بەڕێکخستنی ئەوان هێرش دەکرێتە سەر هەڤاڵانمان، زۆر ئامێری نوێیان بردووتە بارەگاکان، سیخوڕ کۆدەکەنەوە، لەبەرامبەر ئێمەدا بوونەتە بڕیارگەکانی شەڕ لە باشوری کوردستان، ئەوەی ئارامیی باشوری کوردستان تێکدەدات، بارەگاکانی دەوڵەتی تورکن".

"پارتی شەڕی سیخوڕیی لەبەرامبەرمان دەستپێکردووە"

ئەرداڵ، باسی لەوەشکرد، کە پارتی و پاراستن شەڕێکی هەواڵگرییان دژ بە بزوتنەوەی ئازادییخوازیی کوردستان و گەریلا دەستپێکردووە و وتی: چەندین کەسیان بۆ ئەو مەبەستە ئەرکدار کردووە، بە نمونە لێیان دەپرسن، جەمیل بایک لە کوردستان دەمێنێتەوە؟ ئەو شوێنەی ئەوی تیایە ئەشکەوتە؟، شوێنێکی چۆنە؟، موراد قەرەیلان لەکوێیە؟ چەند کەس دەیپارێزن؟ چۆنیەکتر دەبینن؟، بە هەمان شێواز دەیانەوێت سیخوڕیی بکەن بەسەر هەڤاڵانی ترمانەوە، پاشان زانیارییەکان دەدەنە میتی تورک و ئەو سەرباگانەی دەوڵەتی تورک، کە لەسەر خاکی باشورن، بەوهۆیەشەوە فڕۆکە جەنگییەکان دەست بە بۆردوومان دەکەن، بە گوندنشینانیان بادینانیان وتووە، کە ئەگەر لەسەر پەکەکە زانیارییمان نەدەنێ، لە گوند دەرتان دەکەین، ئێمە باش دەزانین کێن ئەو کەسانەی ئەوکارانە دەکەن و سەرپەرشتیی دەکەن، لەکوێ دەمێننەوە و چی دەکەن، ئەمە راستییە.

"بانگەوازیی لە مەسعود بارزانی دەکەین"

لە بەردوامیی قسەکانیدا، باهۆز ئەرداڵ،ڕایگەیانبد: ئێمە ویستمان لە دۆخەکە تێبگەین، بۆیە زانیارییمان بۆ مەسعود بارزانی نارد و پێمانوت'دۆخێکی بەجۆرە هەیە، ئێوە ئاگادارن؟، ئەگەر ئاگادار نین، دەبێت بەری پێبگرن'، هەرکەس دەربارەی هەڤاڵەکانمان سیخوڕیی بکات و زانیاریی بداتە دەزگا سیخوڕییەکان و فڕۆکەی جەنگیی بێنێت هەڤاڵەکانمان شەهید بکات، کاری دووژمنایەتیی دەکات، هیچ پەیوەندییەکیان بە کورد و کوردستان و وڵاتپارێزییەوە نییە، ئەوە دوژمنایەتییە، ئێستاش بانگەوازیی لە بارزانیی دەکەین، بەر بەو کارە خراپانە بگرێت، ئەمە پەیوەندیی نێوان هێزە کوردستانییەکان دەتەقێنێتەوە، ئەوەی دوژمنایەتیی دەکات، با ئاشکرا بە گەل بڵێت، ئێوە بۆچی جاسوسیی بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن؟ چ بەرژەوەندییەکی کوردستانی تێدایە؟، چ بەرژەوەندییەکی گەلی باشوری تێدایە؟، ئەگەر وانییە، دەست لەو کارە هەڵگرن.

"دەست بەرنەدەن، ئارامیی هەرێم دەخەنە ژێر مەترسییەوە"

هەروەها، وتی: ئەگەر بیر لە کوردستانیش ناکەنەوە و دەڵێن، 'با پەکەکە لاواز ببێت و لەژێر گوشاردا بێت بۆ ئێمە باشە'، ئەوا ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان باش نییە، ئەگەر دەست لەو سیاستە بەرنەدەن ئارامیی هەرێم دەخەنە ژێر مەترسییەوە، وەکو پەکەکە بۆ ئارامیی هەرێمی کوردستان ئەوەی کەوتووەتە ئەستۆی ئێمە کەمتەرخەمییمان نەکردووە و لەمەودواش نایکەین، بەڵام بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشور بوونەتە بارەگای شەڕ، هەروەها کاری سیخوڕیی دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا چالاکتر بووە، ئیتر زۆر بەئاشکرا سیخوڕیی دەکەن، ئەگەرئەمە بەردەوام بێت هەرێم هەروا ئارام نامێنێتەوە و مەترسیی دەکەوێتە سەر، خوێنی گەریلاکانی کوردستان هەروا هەرزان نییە، منداڵی ئەم گەلەن، بۆ پاراستنی خەڵک گیانی خۆیان دەبەخشن، بۆ پاراستنی خەڵکی هەولێر هاتنە مەخمور، لە گوێر و شەنگال گیانی خۆیان فیداکرد، پێمان دەڵێن، 'با ئێمە زانیاریی بدەینە دەوڵەتی تورک و ئەویش بە فڕۆکە شەهیدتان بکات، بەس ئێوە هیچ مەڵێن، ئەوە بۆ ئێمە باش نییە' بەڵام ئەوەی ئێوە دەیکەن بۆ هەموو کەس خراپە، دەمانەوێت گەلەکەمان بزانێت، دۆخەکە مەترسیدارە، دەبێت شەریکایەتیی سیخوڕیی ڕابگیردرێت.

"ئەوەی دەستی لە خوێنی گەریلادا هەبێت، بێ وەڵام نامێنێتەوە"

ئەرداڵ، جەختیکردەوە، کە دەستی هەرکەس لە خوێنی گەریلادا هەبێت، بێ وەڵام نابن و وتی: گەلی باشور زۆر ئازاری چەشتووە، گەلێکی وڵاتپارێزە، ئەم کارە گەلی باشوری لەناودا نییە، گەل دژی ئەو سیاسەتەیە، هەتا پێشمەرگەش لەگەڵ ئەوەدا نییە، ئێمە زۆر فەرماندەی پێشمەرگە دەناسین، پێسمەرگە و گەریلا چەندین مانگ لەیەک سەنگەردا بوون و دژی داعش شەڕیان کردووە، دوو بۆ سێ ساڵ لە کەرکوک لە پەناییەکدا بوون، من باوەڕناکەم هێزی پێشمەرگە ئاگاداری ئەو دۆخە بێت و لەگەڵیدا بێت، لەبەر ئەوە ئێمەمتمانەمان بە گەلەکەمان هەیە لە باشور، بەڵام دەمانەوێت لەبەرامبەر ئەو سیاستەدا هۆشیار بن، با بزانن، کە هەر کەس پرسیاری شوێنی گەریلای لێکرد، ئەو کەسە بکوژ و دووژمنی گەریلایە، چونگە گەریلا نێچیرێک نییە کەسێک شەهیدی بکات و ئەویش بێدەنگ بێت، دەستی هەرکەس بکەوێتە خوێنی گەریلا، گەریلاش بێ وەڵام نابێت.

باهۆز ئەرداڵ ناڕاستەوخۆ، هۆشیاریی دایە بەرپرسیان ئەو کەسانەی سیخوڕیی دەکەن بۆ سوپای تورک و ڕایگەیاند: جارێکی دیکە بانگەوازیی لە هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەکەین، کە چاو بە سیاسەتەکانی خۆیاندا بخشێننەوە، دەبێت لەبەرامبەر ئەو کەسانەدا تەدبیر بگرن، ئێمە دەزانین کێن، لەگەڵ میتی تورک دیدار ئەنجام دەدەکن، ئەگەر پێویستی کرد، دەتوانین ناوەکانیان بڵاوکەینەوە، بانگەوازیی لەوکەسانە دەکەین، ئێمە بەرژەوەندیی گەل و کوردستان بە بنەما دەگرین، دەوڵەتی تورک و ئاکەپە تەنگەتاو بوون، سیاسەتی داگیرکارییان تەنگەتاو بووە، بۆچی ئێمە دەستیان بگرین؟،  با سیاسەتێکی کوردستانییمان هەبێت پێکەوە هەنگاو بهاوێژین، لەبەرامبەریەکڕێزدار بین، ئێمە وەک پەکەکە، بۆ ئەوە ئامادەین، بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان چی پێویستبێت کردوومانە و لەمە بەدواش دەیکەین.

ش.ف