باڵەكایەتی، "حزب بە تەواوەتی دەستی خستووەتە كەرتی پەروەردەوە"

دوای ئەوەی وێنەی لیستێكی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی چۆمان بڵاوبوەوە، دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە لەنێو مامۆستایایان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا، كە مامۆستای وانەبێژ لەسەر پێوەری حزبایەتی دادەنرێت نەوەك پسپۆڕییەكەی، بەڵام پەروەردە ڕەتیدەکاتەوە ئەوە نووسراوی ئەوانبێت.


لە بەدواداچونێكی رۆژنیوز، چەند مامۆستایەکی وانەبێژ كە ناویان لە لیستەكەدایە، یان داوای وانەبێژیان كردووە، گلەیی ئەوە لە پەروەردەی چۆمان دەكەن، كە بەتەواوەتی گوێڕایەڵی لقی پارتی دیموكراتی كوردستانن و گوێ بە وە نادەن كە كام مامۆستا پسپۆڕەو شارەزایە لە وانە وتنەوەدا.

سەربەست جەبار یەكێك لەو مامۆستایانەی داوای وانەبێژی كردووەو دانەنراوە دەڵێت: بەداخەوە چونكە پەروەردەی چۆمان لە سنووری دەسەڵاتی حیزبێكەو وە خەڵكی ئەو ناوچەیەش بە زۆری لایەنگری حیزبێکی دیکەن، پەروەردە غەدرێكی زۆر لە مامۆستا تازە دەرچووەکان دەکات، بەتایبەت دەرچوانی كۆلێژە پەروەردەییەكان، چونكە ئەم بەشانە زۆرتر پەیوەستن بە وانەوتنەوەوە، بەڵام بەداخەوە چونكە حزبایەتی ڕەچاو دەكرێت، کەسانێک لەپێشن كە حزبین و لە دەرچووی ئەو بەشانەش نین كە توانای وانەبێژیان هەبێت.

مامۆستا سەربەست دەشڵێت: بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوەی ناوی مامۆستاكان بە خەتی زەرد و سەوزو ڕنگەکانی دیکەی بەسەردا هاتووە، ئەوە ڕاستەوخۆ دەری دەخات كە حزب مامۆستا دادەنێت و كەسانی حزبی لە شوێنە گرنگەكانی وانە وتنەوە دادەنرێن.

هەروەها سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت، "لق و ناوچە لە سنوورەکە بە ئاستێك دەستیان وەرداوە لە كەرتی پەروەردە، كە بۆ مامۆستاكان دیاریی دەكەن، كە چەند وانە بڵێتەوە، یان ئەگەر مامۆستا حزبی بوو بۆی هەیە بە ئارەزوی خۆی چ دەرسێك هەڵبژێت و بڵیتەوە یان لە چ خوێندنگایەك وانە بلێتەوە".

هەرچەندە بەرپرسێکی پەروەردەی چۆمان ڕەتیدەکاتەوە کە نووسراوی ئەوان بێت، بەڵام وەک خۆشی دەڵێت، نووسراوە کە لەسەر شوێنی کارەکەی ئەو وێنە گیراوەو خۆشی لە وێنەکەدا دیارە.

فەیسەڵ مستەفا بەرپرسی کارگێيڕی و میلاکاتی پەروەردەی چۆمان، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو نوسراوەی بڵابووەتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هیچ مۆرو واژۆیەكی پەورەردی بەسەرەوە نییە، ڕەنگە كەسانێك ئەو كارەیان كردبێـت كە دژی ئەدای كاری ئێمەبن، چونكە وەك لە وێنەكەش دەردەكەوێت من خەریكی كارێكم و ئەو لیستەیان لە بەردەمی من داناوەو وێنەیان گرتووەو بڵاویان كردووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی پەروەردە ڕەتیدەکاتەوە لەسەر حزبایەتی وانەبێژیان دانابێت، دەشڵێت: ئەوانەی دەڵێن كە غەدرمان لێكراوە هیچ كات نەهاتوون بە فەرمی بڵێن غەدرمان لێكراوە لەسەر حیزبایەتی، بەشێکی ئەوانەشی دانەنراون لەبەر هۆكاری ئەوەیە كە ئەو مامۆستایانە پسپۆڕییەكانیان پەیوەست نییە بە وانە وتنەوە.

س.ح