شەممە, 7 أبر 2018 – 16:58
ڕۆژنیوز – بڕیار محەمەد
عوسمان بایدەرمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە ئەوە دەخاتەڕوو، کە ئەمڕۆ لە هەرکاتێک زیاتر کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەییە، ڕاشیگەیاند: لەگەڵ بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی باشور کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی کۆدەنگیی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد دروستبکەین.
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و ئەندامی شاندی هەدەپە لە باشوری کوردستان، ئامانجی سەردان و کۆبوونەوەکانیانی لە باشوری کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر خستەڕوو.
بایدەمیر لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیان لە شاری هەولێر، ڕایگەیاند: كۆبوونەوەكانمان دەرئەنجامی باشی هەبووە و پرسەكانی عەفرین و كەركوك تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكان بووە.
دەشڵێت: ئەمڕۆ لە هەر ڕۆژێک زیاتر كورد پێویستی بە یەك دەنگی و یەكڕیزی هەیە، بۆیە ئێمە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی کە لە باشور دەمێنینەوە، لەگەڵ بەشێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسییەكان كۆدەبینەوە.
عوسمان بایدەمیر، دووپاتیشی کردەوە، کە ئامانجی سەردان و کۆبوونەوەکانیان لە باشوری کوردستان، بۆ پێکهێنانی كۆدەنگی و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد-ە لە دژی دوژمانانی گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتی: من لەوباوەڕەدام کە پاشەڕۆژ هەر هی کوردە، ئەگەر کوردان دوژمنایەتی یەکتر نەکەن، ئەوە بەڵدنیاییەوە هەر سەردەکەوین
نیوەشەوی ڕابردوو، شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدانی هاوسەرۆک و هەریەکە لە پەرلەمانتاران، فەلەکناس ئوجا، عوسمان بایدەمیر، ئیمام تاشچیەر، بەردان ئۆزتورک، دیلەک ئۆجالان و دیلەک بۆها، بە سەردانێکی سێ ڕۆژە گەیشتنە شاری هەولێر.
ئەمڕۆش شاندەکەی هەدەپە لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوە و لەئێستاشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەدا.
بڕیارە شاندەکەی هەدەپە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامبدەن.
ئامانجی سەرەکیی هاتنی شاندەکە، پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردستانە.
ب.ل