"بایكۆت بەشێكە لە ئیرادەی كورد بۆ ڕەتكردنەوەی داگیركاریی"

هاووڵاتیانی شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بە پێویستی دەزانن  خەڵك ڕوو لە بەرهەمی ناوخۆیی بكات، دەشڵێن:  لەڕووی ئاسایشی خۆراك و پاراستنی سەرمایەی ناوخۆیی سودی هەیە و لەهەمانكاتیشدا گرنگی دان بەبەرهەمی ناوخۆیی  و بایكۆتی كاڵای توركی هەڵوێستە لە دژی داگیركاری  و كۆمەڵكوژكردنی كورد.


لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كاڵای توركی بە شێوەیەكی فراوان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بایكۆت دەكرێت، هاوڵاتیانی شارۆچکەی سۆران سەبارەت بە هەڵمەتی بایکۆت و بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

فەیرۆز بناوی دانیشتووی شاروچكەی سۆرانە، بایکۆتی کاڵای تورکی بە بەشێکی گرنگی شۆڕش ناودەبات و دەڵێت: هەڵوێستێكە دەرهەق بەو دۆخە شەڕفڕۆشی و بێ ویژدانیەی ئەردۆغان و هەموو ئەوانەی كە ڕێگە بەو زووڵمە دەدەن و یان پشتگیری دەكەن، ئەو هەڵوێستە زۆر لە جێگای خۆیەتی و دەبێت ئەو بایكۆتە ببێتە مایەی ڕاكێشانی كاڵای دیکە و بایەخدان بە كاڵای ناوخۆیی ئەمەش لە سود و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت.

فەیرۆز ئاماژە ئاماژە بەوەش دەکات، ناکرێ بەتەنها ئامانج بایکۆتی کاڵای تورکی بێت، بەڵکو دەبێت ڕاستەوخۆ ئامانج بۆ وەگەڕخستنی کارگەی ناوخۆیی بێت بۆئەوەی بەدیلمان هەبێت و پارێزگاری لەسەرمایەی ناوخۆیی بکەین، هاوکات دەبێت بازرگانانیش بەشداری ئەو هەڵمەتە بکەن.

فەرهەنگ حەمەدئەمین چالاكوان، بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەری بە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی دەزانێت و پێی وایە" هەر كەسێك دژی بایكۆت بێت وەك ئەوە وایە كە براكەی گوللە باران بكات وخۆی چەك بداتە  سوپای تورك بۆ كوشتنی خوشك و براكانی".

ئەو چالاكوانە بایکۆتکردنی دراما تورکییەکان بەگرنگ دەزانێت و دەڵێت: هیوادارم بەردەوام بین لە بایكۆتی كاڵای توركی و دراما ژەهراویەكانیان كە بەداخەوە كەناڵە كوردیەكان پەخشی دەكەن داواكارم بازنەی بایكۆت بڕواتە هەموو ماڵ و تاكێكی كورد".

هەروەها نەجات ئەسعەد چالاكوان دەڵێت: تەنیا بۆ بایكۆتی كاڵای توركی ئامادە بووم پێداویستیەكانیم بە نرخی زیاتر بكڕم ئەم هەڵوێستەش لە ناخی دڵمەوەیە  و بۆ هەمیشە پابەند دەبم، چونكە ئامادەنیم ببمەمایەی خزمەتكردن بە بواری سەر بازی  سوپای تورك، ئامادەنیم بەگیرفانی خۆم ئابووری تورك بەهێز بكەم پارەكەم بدەن بە چەك دژ بە ڕۆڵەكانی گەلی كورد بەكاربێنن ".

نەجات ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ڕەوتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی كە سەرچاوەكەی لە ئیرادەی گەلی كوردە، گرنگە لەلایەن بازرگانان و وەبەرهێنەران لە ناوخۆدا كاڵا و بەرهەمی ناوخۆیی پەرەپێبدەن بۆ پاراستنی سەرمایەكانیان، ئەم بایكۆتەش بۆخۆی  جێبەجێ كردنی ئەركێكی نەتەوەیی و شۆڕشگێریمانە لە دژی داگیركەران و پشتگیركردنە لە داوا و مافی گەلی كورد لە بە تایبەت بۆ ڕۆژاڤا .

ب.ش