هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پەدەکە و دەوڵەتی تورک سەربکەون شتێک بەناوی باشووری کوردستان نامێنێت، بەپێویستیشی دەزانێت خەڵکی باشووری کوردستان هەڵوێستی جددیی وەربگرن دژی ئەو هێرشانە و ڕێگەنەدەن پەدەکە و دەوڵەتی تورک دەست بەسەر باشووری کوردستاندا بگرن.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە میانی بەشارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی ستێرکدا، باسی لە هێرشە داگیرکارییەکانی ئەمدواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زاپ و ئاڤاشین، هاوکاریی پەدەکە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دژ بە گەریلاکانی کوردستان کرد.
جەمیل بایک ئاماژە بەوە دەکات، کە ماوەیەکی زۆرە پیلان بەسەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەماندا دەسەپێندرێت و دەڵێت: دەیانەوێت ئێستا ئەم پیلانگێڕییە لە باشووری کوردستان بگەیەننە ئامانج، ئامانجی پیلانگێڕییەکەش بێ کاریگەرکردنی پەکەکە و لەناوبردنی تەواوەتیی گەلی کوردە، بەگوێرەی ئەو پیلانگێڕییەش لە زاپ و ئاڤاشین دەستیان بە هێرشێکی نوێ کرد، ئەو هێرشەش تەنها دژی بزووتنەوەی ئێمە نییە، لە هەمان کاتدا دژی گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتییە، دەیانەوێت ئەوانەی بۆ ئازادیی و دیموکراسیی تێدەکۆشن، لەناویان ببەن.
بایک ئاماژە بە هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: تورکیا هێرشێکی گەورەی دەستپێکردووە، پەدەکەش لە هەموو ڕوویەکەوە لەم شەڕەدا لەگەڵ تورکیایە، ئەم شەڕە بە هاوکاریی هەردووکیان ئەنجامدەدرێت، پەدەکە دەوروبەری گەریلا دەگرێت و ناوچەکانی لەیەک دادەبڕێنێت، دەبێتە هاوکاریی سەربازانی تورک بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەکانی گەریلا، تەنانەت ئاسایشی سەربازانی تورکیاش دەپارێزێت، پێداویستییە سەربازییەکانیان پڕدەکاتەوە، ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت ئیرادەی دەوڵەی تورکە نەک پەدەکە، هەندێک هێز و دەوروبەر لە سنووری بادینان بینییان، کە ئەوە خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات، ناڕەزایەتییان نیشاندا.
هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت: من لە پەیامی خۆمدا بۆ نەورۆزیش وتبووم پەدەکە بەرەی خۆی بردووەتە لای تورکیا، هەندێک هەبوون گومانیان لەو قسەیە هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان دەیبینین، پەدەکە لە بەرەی گەلی کورد نییە، بەڵکو لە بەرەی تورکیایە، بۆچی پەدەکە بەرەی خۆی بردە لای تورکیا؟، چونکە بەرژەوەندیی بنەماڵە لەناو پەدەکەدا باڵادەستە، بەرژەوەندیی گەلی کوردی نەکردووەتە بنەما، هەموو دەرفەتەکان خراونەتە خزمەتی بنەماڵەی بارزانییەوە، چۆن بوونە خاوەن ملیۆنان دۆلار؟ چۆن لە ئەمریکاوە هەتا کەنداو ئەو هەموو ماڵ و موڵکەیان بەدەستهێنا؟، ئەوەی ئەو هەموو ماڵ و موڵکەی هەبێت ناچێتە بەرەی گەلەکەیەوە، بەڵکو لە بەرەی دەسەڵات دەبن.
جەمیل بایک، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوا لە گەلی کورد بەتایبەت لە باشووری کوردستان دەکات، ڕێگە نەدەن دەوڵەتی تورک و پەدەکە باڵادەستیی خۆیان بەسەر باشووری و کوردستاندا بسەپێنن و دەڵێت: ئەگەر دەوڵەتی تورک و پەدەکە سەربکەون شتێک بەناوی باشووری کوردستان نامێنێت، هیچ پارتێکیش لە باشوور لەسەر پێی خۆی نامێنێتەوە، هەرچەند گەریلاش ڕێگریی لەوە کردبێت، بەڵام پەدەکە و تورکیا دەیانەوێت نەفەسی هەموو کەسێک بگرن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دۆخێکی وەها نەبنەوە، پێویستە هەموو گەلی کورد بەتایبەت لە ناوچەکانی سۆران و بادینان، هەروەها هەموو سیاسەتمەدار، پارت و ڕێکخراوەکان دژی داگیرکاریی هەڵوێست وەربگرن، تێکچوونی داگیرکاریی خزمەتێکی گەورە بەوان دەکات، چونکە سەرچاوەی کێشەکان پەدەکە و تورکیایە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش یەک ڕێگە هەیە، ئەویش شکستهێنانی سوپای تورکە لە زاپ.
لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بایک دەڵێت: ئەمڕۆ گەریلا شەڕ دژی کیمیایی دەکات، لەبەر ئەوە دەبێت خەڵكی باشووری کوردستان لە هەرکەسێک زیاتر خاوەنداریی لە گەریلا بکەن، چونکە گەریلا بەپێداگرییەوە شەڕ بەرامبەر کیمیایی دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک و پەدەکە باڵادەستییان بەسەر باشووردا نەسەپێنن، خەڵکی باشووری کوردستان ئەزموونی لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەیە و قوربانییەکی زۆریشی داوە، لەو دۆخە تێدەگات کە کاریگەریی چەکی کیمیایی چییە، بۆیە دەبێت هەڵوێستیان هەبێت و پشتیوانیی گەریلا بکەن.
هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشی حکومەتی عێراقیش کرد بۆ سەر شەنگال و وتی: ناتوانین هێرشی عێراق بۆ سەر شەنگال بەجیا ببینین لەو هێرشانەی ئێستا دەکرێنە سەر زاپ و ئاڤاشین، کازمی ئەو شەڕی دەوڵەتی تورک و پەدەکەی لە زاپ و ئاڤاشین کردووەتە هەل و هەوڵیدا سوودی لێ وەربگرێت، وای بیریکردەوە کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر شەنگال کەس ناتوانێت بەهانای ئێزدییەکانەوە بچێت، ئەمە مایەی شەرمە بۆ عێراق، چونکە ئێزدییەکان دژی داعش شەڕیان کرد و شەرەفی عێراق و باشووری کوردستانیشیان پاراست.
ب.ل