چوؤرشەممە, 15 أغس 2018 – 14:04 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هاوسەرۆکی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی ١٥ی ئابەوە داوەتەوە، کورتکراوەیەکی ئەو چاوپێکەوتنە بەم شێوەیەیە.
بایک دەڵێت: هەنگاوی ١٥ی ئاب نەک تەنیا هەموو هاوسەنگییەکانی فاشیزمی پاش کودەتای ١٢ی ئەیلولی سەراوژێرکردەوە، بەڵکو هاوکات بێهیوایی گەلی کوردی لەناوبرد، ١٥ی ئاب تێڕوانینی ڕیفۆرمیستیی لەناوبرد و جارێکی دیکە ئەوەی خستەڕوو، کە بە تێکۆشانی میلیتانتی دەکرێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕووبدات، تێکۆشانی گەریلا بە فیداکاری و باجدانی قورس دەستیپێکرد، لەو ڕووەوە هەموو پشتگیرییەک بۆی زۆر بەبەهایە، بەردەوامبوونی تێکۆشانی ٣٤ ساڵەی گەریلا، بڵاوبوونەوە بە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، تێکۆشان لە دژی دوژمنی پیلانگێڕ، مانەوە لە بەرامبەر دووەمین سوپای بەهێزی ناتۆ، هەرچەند سوپای تورکی لە ڕووی سەربازییەوە تێکنەشکاندووە، بەڵام تێکشکانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەتی تورکی بەدواوە بووە، بۆیە پێی دەوترێت جەژنی ژیانەوە.
لەبارەی شێوەی ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پەکەکەش وتی: ئەوەی پەکەکە لە هەموو شوێنێک سەرهەڵدەدات، بەهۆی ڕاستییەکانی ڕێبەرایەتیی ڕێبەر ئاپۆوەیە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ تێکۆشانەکەی پشتی بە هزری هاوچەرخ بەست، بە هێزی هزر و تێگەیشتنی بۆ ژیانێکی نوێ لە پێش دوژمنەوە هەنگاوی نا، سەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتنیشی ئەوەیە.
لەبارەی فەرماندە عەگیدیشەوە، وتی: من یەکەم جار فەرماندە عەگیدم لە باتمان ناسی، هەڤاڵ مەزڵوم دۆغانیش لەوێ کاری کردبوو، هەڤاڵ مەعسوم کۆرکماز و ژمارەیەک کادیری دیکەش لەوێ بوون، ئەو کادیرانە لەسەر هێڵی ڕیبەر ئاپۆ لە ماوەیەکی کورتدا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێنابوو، زۆر پێشکەوتبوون، ئەوان گەل، گەنجان و کرێکارەکانیان لە دەوری خۆیان کۆکردبووەوە، هەڤاڵ عەگید لەو پێشکەوتنەدا ڕۆڵی گرنگی هەبوو، کەسیاتەییەک بوو کە هەوڵی دەدا لە هەموو بوارەکاندا فێر بێت، بۆیە پرسیاریان لە من کردبوو کە چۆن ڕێکخستن پێش بخەن، لەوێ بوو تێگەیشتین، کە دەیەوێت ببێتە کادیری پێشکەوتوو و میلیتانت، لە تێکۆشانی فەلەستیندا جێی گرت و لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان جارێکی دیکە بینیم، لەو کاتانەدا بوو کە بیری لە تێکۆشانی گەریلا دەکردەوە.
بایک لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: سێیەم جار لە ساڵی ١٩٨٠دا یەکترمان لەسەر سنوورەکانی ئێران بینی، هەڤاڵ عەگید بۆ دووەم جار چوبووە لای ڕێبەر ئاپۆ، پەروەردەکرابوو و دەگەڕایەوە بۆ وڵات، باوەڕێکی گەورەی بە شەڕی گەریلا هەبوو، ئەو باوەڕەی لە ئاستێکدا بوو، کە مرۆڤ دەیوت بۆ شەڕی گەریلا لە دایکبووە، کاتێک سنوورەکانی ئێرانیان بەرەو زاپ بڕیبوو کەوتبوونە کەمینی هێزەکانی حزبی کۆمۆنیستی عێراقەوە، لەوێ هەڤاڵان ئیدریس، ڕیاد و ئۆزان سەفکەن شەهیدبوبوون، بەڵام ئەوانی دیکە بە تەندروستی خۆیان گەیاندبووە هەفتانین، یادی هەموو ئەو هەڤاڵانە بەڕێزەوە دەکەمەوە و پێشنیاردەکەم بە هەمو گەلی کورد، کە هەڤاڵ عەگید باش بناسن و لێی تێبگەن.
س.ح