پێنجشەممە, 21 يون 2018 – 10:08 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران و دۆخی ئاکەپە پاش هەڵبژاردنەکەی نرخاندووە، ڕۆژنیوز کورتکراوەی ئەو چاوپێکەوتنە بڵاودەکاتەوە.
بایک ڕایگەیاندووە: پێدەچێت ئاکەپە لەو هەڵبژاردنەدا تێکبشکێت، ئەردۆغان دەیەوێت بە زیادکردنی فشارەکان و کپکردنی دەنگەکان لەو هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت، بۆ ئەوەی شۆڤینیزم گەش بکەنەوە هێرشیان کردە سەر عەفرین، بەڵام بینییان ئەوەش زۆری دەنگ تێدا نییە بۆیان، ئاشکرایە کە لە کۆمەڵگای تورکیا ناڕەزاییەکان لەدژی ئاکەپە زیادیان کردووە، جەوی هەڵبژاردنەکە وەک هی هەڵبژاردنی پێشوو زیندوو نییە، میدیاکان جگە لە ئەردۆغان دەرفەت نادەنە هیچ لایەنێکی دیکە بۆ بانگەشە، هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران دۆخەکە تۆزێک جیاوازبوو، لە ئێستادا هەموو کەناڵەکان بەس قسەکانی ئەردۆغان بڵاودەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبیندرێت کە قسەکانی ئەو کاریگەرییەی جارانیان نەماوە، هەمووی ئەوانەی پیشانمان دەدەن، کە ئەگەری زۆرە لە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیراندا ئاکەپە تێکبشکێت.
باسی لەوەش کرد: ئەگەر هێزە کوردییەکان و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دیموکراسیخوازەکان یەکبگرن و بەمشێوەیە هەدەپە بەربەستی ١٠٪ تێپەڕبکات، بە دڵنیاییەوە ئاکەپە دەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشدا: ئاکەپە نایەوێت لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە واز لە دەسەڵات بێنێت، هەڵبژاردن وەک کێشەیەک دەنرخێنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئاکەپە لاواز بێت تورکیا لاواز دەبێت، بەو شێوەیە هەوڵدەدەن کۆمەڵگا بخەڵەتێنن، ئەوانەی دەیانەوێت لەچنگی ئاکەپە ڕزگاربن با بەبڕیاربن، ئەگەر ئەو هێزانە باش تێبکۆشن و بچنە سەر سندوقەکان دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتداریی ئاکەپە بێنن.
لە بەشێکی دیکەی قەکانیدا بایک وتی: ئەگەر بەرەی فاشیستەکان لەو هەڵبژاردنە سەربکەوێت، شەڕ قورستر دەبێتەوە و هێرشەکانی دەسەڵاتداریی بۆسەر گەلی کورد زیاتردەبن، هەر ئێستاش ئاکەپە و مەهەپە ماوەی سێ ساڵە بە هەموو دەرفەتەکانیانەوە لە ناوخۆ و دەرەوە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، ئەگەریش دەسەڵاتداریی ئاکەپە و مەهەپە ئێستا لاواز بووە، لە سایەسەری بەرخۆدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێمەوەیە، ئەگەر جارێکی دیکە ئاکەپە دەسەڵات بگرێتەوە دەست و هێرشەکانی زیاتربکات، ئەوە ئێمە بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدان دەکەین.
لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتوویەتی: تێکشکانی ئاکەپە دەبێتە هۆی ئەوەی دوژمنانی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز لاوازبن، گەلانی تورکیا ئازادی و دیموکراسییان دەوێت، داواکاریی چارەسەبوونی پرسی کوردن، دەیانەوێت لەکۆمەڵگایەکدا بە ئازادی و دیموکراسییەوە بژین کە تێیدا ژنان و گەنجان خاوەنی ئیرادەبن، ئەوانەی سیاسەتێکی وەها بەرێوەنەبەن هەر کەسێک بێت گرنگ نییە ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەلان دەبێتەوە.
س.ح