برادۆست، بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکەوە هاتووچۆی ٢٠٠ گوند پەکی کەوت

هەلیکۆپتەرەکانی سوپای داگیرکەری تورك، گوندی دایلان و ڕێگای کەورەت-یان لە دەڤەری برادۆست بۆردومان کرد و بەهۆیەوە پردی ڕێگاکە ڕوخا، کە هاتووچۆی زیاتر لە ٢٠٠ گوندی سنورەکەی لەسەرە.


لە بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورك بۆسەر ناوچەکانی باشووری کوردستان، شەوی ڕابردوو هەلیکۆپتەرەکانی دەوڵەتی تورک چەند ناوچەیەکیان لە دەڤەری برادۆست بۆردومان کرد.

پەیامنێری ڕۆژنیوز، ڕایگەیاند، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، هەلیکۆپتەرەکانی سوپای داگیرکەری تورك، گوندەکانی دایلان و ڕێگای کەورەت-یان لە دەڤەری برادۆست بۆردومان کرد، وتیشی: بەهۆیەوە پردی ڕێگای نێوان گوندی دایلان و ڕێگای کەورەت ڕوخا کە پردەکە دەشتی هێرت بە خواکورک و شارۆچکەی سۆران دەبەستێتەوە کە هاتووچۆی زیاتر لە ٢٠٠ گوندی لەسەرە.

بە گوێرەی زانیارییەکان بۆردومانەکە جگە لە زیانی ماددی و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە هیچ زیانێکی دیکەی لێنەکەوتووەتەوە.

ک.س