بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان: دەبێت تورکیا بوەستێندرێت

بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکات، کە بکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: دەبێت هه‌رچی زووتره‌ هەڕەشەکانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا بوه‌ستێندرێن.


بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان سەبارەت بەدوایین پێشهاتەکان لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر شه‌ر و ئۆپه‌راسیۆنیك ده‌كه‌ین بكرێته‌ سه‌ر خاكی رۆژئاوای كوردستان كه‌ هه‌زاران شه‌هیدی له‌م پێناوه‌دا به‌خشیوه‌ و به‌ده‌ریایه‌ك خوێن پارێزراوه‌".

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە"مێژوویەکی دوورنییە گەورەترین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌رامبه‌ر تیرۆرستانی داعش لەم ناوچەیە و لەسەردەستی ئەو کچ و کوڕە شەڕڤانانە تۆمارکرا، لەم پێناوەشدا هەزاران شەهیدیاندا و بە سەدانیشیان کەمئەندام بوون لەبەرامبەریشدا داعش زەڕەبەیەکی کەمەر شکێنی بەرکەوت و نەیانتوانی لەوە زیاتر پێشڕەویی بکەن،تا ئێستاش هه‌زاران دیلی داعش له‌ زیندانه‌كاندان لە ڕۆژئاوا".

هەروەها، هاتووە:"هه‌ر جۆره‌ جموجوڵێكی توركیا ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆستانه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان پێمانوایه،‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رچی زووتره‌ هەڕەشەکانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا بوه‌ستێندرێن له‌پێناو ڕێگه‌گرتن له شه‌هید بوونی زیاتر و ده‌ربه‌ده‌ربوونی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان".

 پیشیانوایە، کە"ده‌بێت ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی جیهان بێنه‌ ده‌نگ و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌چنه‌ بواری كرداریه‌وه‌، به‌تایبه‌ت پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی چیتر له‌ئاست سه‌ركوتكردنی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان بێده‌نگ نه‌بێت‌ و بڕیاری به‌په‌له‌ بدات بۆ پاراستنی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌ ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا".

جەختیشیکردووتەوە"تاكه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ته‌نها ئاشتیی و لێكتێگه‌یشتنه‌ و هه‌رگیز كێشه‌ی گه‌لێك له‌ ڕێگه‌ی بۆمباباران كردن و شه‌ڕ و خوێن ڕشتن چاره‌سه‌ر نابێت".

ش.ف