هەینی, 19 يون 2020 – 09:24 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران بۆسەر باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی بۆردومانکردن و داگیرکارییەکانی بۆسەر باشوری کوردستان لە لایەن ئێران و دەوڵەتی تورکەوە، پێشوازیی لە ڕێککەوتنی سیاسی و نەتەوەیی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرش و دەستدرێژیەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر هەر بەشێک لە کوردستان بە تووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات، ڕوو بە لایەنی هەژموونخواز و سەرەڕۆ و ئینکارکەر ڕایدەگەیەنین کە دەبێت کۆتایی بە سەرکوتی سیستماتیک و شەڕ دژی کورد بهێندرێت، چونکە ئەمڕۆ کورد لە ناوچەکەدا هێزە و قورسایی و سەنگی کورد بۆ جیهان و ناوچەکەش دەرکەوتووە، هەروەها ئەزموونەکانی ڕابردووش دەریان خستووە کە نە ئێران و تورکیا و نە گشت حاکمانی تری سەر کوردستان نەیانتوانیوە و ناشتوانن حیزبە کوردییەکان و بزووتنەوەی مافخوازی کورد لە ناو ببەن.
بزووتنەوەی کۆماریخوازان، ڕاشیگەیاندووە، بێگومان هەموو گەلان و سیستەمەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی زۆردارانی سەر کورد دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن کە بەبێ چارەسەری دۆزی کورد لەڕێگای دیالۆگی ئاشتەوایی و یەکتر قبوڵکردن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی خۆشی، ئارامی، ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بەخۆیەوە نابینێت.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشیاندا بزووتنەوەی کۆماریخوازان ڕێککەوتنامە و تەوافقی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تەڤدەم و ئەنەکەسە، وەک دەستکەوتێکی گرنگی نەتەوەیی و سیاسی بەرز دەنرخێنێت و ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ و چانووسازی مێژووی و خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ بۆ گۆڕانگاری گەورە و گەشانەوەی خۆری کوردان لەم بەشەی کوردستان دا دەبینێت.
بزووتنەوەی کۆماریخوازان ڕاشیگەیاندووە “هیوادارین لایەنەکانی کوردی لە باکوور و دەوڵەتی تورکیا بگەڕێنەوە سەر پێڤاژۆی ئاشتی و نەخشەڕێی ڕێزدار ئۆجەلان کە ساڵی ۲۰۱۲ دەستی پێکردبوو”.
ک.س