بزووتنەوە و تەڤگەر: ئەوەی بەرامبەر ئۆجالان کرا دووربوو لە ئەخلاق و سیاسەت

بەرپرسێکی بزووتنەوەی ئیسلامی باس لەوە دەکات، کە ڕفاندنی ئۆجالان ئەوپەڕی بێ ئەخلاقیی دیپلۆماسییەت و مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە، هاوسەرۆکی دەڤەری ڕاپەڕین'ی تەڤگەری ئازادیش وتی، ئۆجالان بە فکر و نووسینەکانی پیلانگێڕییەکانی پوچەڵکردووەتەوە.


ئەمڕۆ ٢١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕفاندنی ئۆجالاندا، لەم ڕۆژەدا گەلی کورد بە شێوازیی جۆراو و هەڵوێست و ناڕەزایی دەردەبڕێت، لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی تەڤگەری ئازادیی و بزوتنەوەی ئیسلامیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و وێڕای شەرمەزارکردنی پیلانەکە، بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو.

خالید مستەفا هاوسەرۆکی هەرێمی ڕاپەڕینی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، دەڵێت ۱٥ی شوبات ئەو ڕۆژەیە بێ ئەخلاقی سیاسەتی جیهانی بەرامبەر گەلی کورد گەیاندووەتە لوتکە، "ڕێبەر ئاپۆ هەوڵی ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی دەدا، بۆیە ویستیان بە دەستگیرکردنی پێش بە بڵاوبوونەوەی فەلسەفە و ڕێبازەکەی بگرن".

خالید مستەفا دەشڵێت: لە ماوەی ئەو ۲۱ ساڵەدا ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی لە بەرامبەر سیاسەتی گۆشەگیری بەرخۆدانی بێ وێنەی ئەنجامداوە، لە هەمانکاتدا بە پێشکەشکردنی چەندین پارێزنامە و پرۆژە بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانی ئەو پیلانگێڕییە پووچەڵ بکاتەوە و گەل و گەریلا بوون بە یەک و دەستکەوتی گەورەتر بە دەست خران، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ و گەل بە شێوەیەک ئاوێتەی یەکتری بوون، کە ئیتر هیچ کەس و هێزێک ناتوانی لە یەکتریان داببرێ.

شۆڕش غەفور ئەندامی گشتی پیوەندییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، دەڵێت ئەوان وەک بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان "ساڵیادی دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجالان کەسایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان شەرمەزار دەکەین، هەموو پشتیوانییەک دەکەین بۆ گوشارخستنە سەر دەوڵەتی تورکیا و بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی و ئازادبوونی ئۆجالان.

شۆڕش غەفور وتیشی: ئەو گەلەکۆمە و پیلانگێڕییەی لە بەرامبەر ئۆجالان بەرێوەچوو لە لایەن دەوڵەتانی بەناو دیموکراسیخواز و مافی مرۆڤ کە ئۆجالان هانای بۆ بردن و بە شێوەیەکی شەرمنانە بەرێز ئۆجالانیان دەستگیرکرد و ڕادەستی تورکیایان کردەوە، هەموو هەڵوێست و کرداری ئەو دەوڵەتانە دژی بنەما و پرنسیپەکانی جاڕنامەی مافرکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتی و بنەماکانی ئەخلاقیەتی دیپلوماسیەتە.

س.ح