بنەماڵەی یەکێک لەو کەسانەی لە ڕووداوەکەی ڕانیەدا گیانی لەدەستدا ڕایانگەیاند “کۆی ڕووداوەکە بەگشتی و شەهیدبوونی ئەو کوڕەی ئێمە بەتایبەت کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا” دەشڵێن داوای ڕوونکردنەوەیان لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە.
بنەماڵەی شامیل زرار وەرتی، ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنیەکان کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە شەوی ٢٥ی ئەم مانگە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا لە ڕانیە “شەهید کرا” سواپسنامە و ڕونکردنەوەیەکیان بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێن “ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 25/ 11/ 2021 ڕووداوێکی تەقەکردن لەناو شاری ڕانیە ڕوویدا کە بەداخەوە چەند کەسێک تێیدا بوونە قوربانی، دوابەدوای ڕووداوەکە ئاگادار کراین کوڕەکەی ئێمەش کە ماوەیەکی کەمە لە دەزگای زانیاری دەست بەکاربووە لە ڕووبەڕووبونەوەکەدا شەهید بووە، هەمان شەو تەرمەکان وەرگرتەوەو بەخاکمان سپارد”.
بنەماڵەی شامیل زرار وەک خۆیان دەڵێن، خاوەنی سێ شەهیدی سەنگەری ڕووبەڕووبونەوەی داعش و چەندان شەهید و برینداری داستانەکانی بەرگری نیشتمانین و باس لەوە دەکەن “لەگەڵ ئەوەی کۆی ڕووداوەکە بەگشتی و شەهیدبوونی ئەو کوڕەی ئێمە بەتایبەت کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ناکرێ لێیان بێدەنگ بین، بەڵام پێمان باشبوو دان بەخۆمان دا بگرین و داوای ڕوونکردنەوە لەلایەنی پەیوەندیدار بکەین”.
ئاشکرایانکردووە لە دانیشتنێکی ڕاستەوخۆدا داوای ڕوونکردنەوەیان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە “ئەوانیش بەڵێنی ڕوونکردنەوەیان داوە، هیوادارین لەزووترین کاتدا وەڵاممان بدەنەوە”.
ئەوان داواشیان لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) کردووە بەدواداچوون بۆ ڕاستی ڕووداوەکە بکات و نەهێڵێ خوێنی ئەو ڕۆڵەیەی ئەوان بە فێڕۆ بچێت.
ئەوان داواشیان لە خەڵک و لایەنەکان کردووە “ڕێز لەخەبات و تێکۆشان و قوربانیمان بگرن و دۆسیەی ئێمە نەخەنە ناو ململانێی سیاسی، کێشەی شەخسی و بنەماڵەییشمان لەگەڵ کەسدا نیە”.
ئەوان سوپاسی ئەو کەسانەیان کردووە کە لەپرسەی کوڕەکەیاندا بەشدار بوون و ڕاشیان گەیاندووە “بەناوی بنەماڵەکەمانەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری سەرجەم قوربانیانی تری ئەو ڕووداوە کارەساتبارە دەکەین، خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین، ئاواتەخوازبووین خوێنی ڕۆڵەکانمان بۆ بەرگری لە سنورەکانی کوردستان بڕژایە”.
ها-غ