بنەماڵەی شەهیدان: سزای تۆمەتبارانی کوشتنی میتێک سزایە دژی هەموو کورد

بنەماڵەی شەهیدان لە باشوری کوردستان ئیدانەی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ تۆمەتبارانی کەیسی ڕووداوەکەی ڕێستۆرانتی هۆقەباز دەکەن، پێیانوایە خزمەتە بە دەوڵەتی تورک، دەشڵێن، ئەو گەنجانە دەبێت گوڵباران بکرێن، "سزای سەر ئەو دووگەنجە سزایە بۆ سەر هەموو کورد".


ڕۆژی ١٧ی مانی ٧ی ساڵی ڕابردوو، لە ڕێستۆرانتی هۆقەباز-ی شاری هەولێر، عوسمان کۆسە یەکێک لە بەرپرسانی میتی تورک کوژرا و دواتر چەند کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو بەرپرسەی میت دەستگیرکران، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەش دادگای هەولێر، لەسەر کەیسەکە سزای لە سێدارەدانی بۆ هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ناسراو بە (مەمەت – دژوار)، دەرکرد، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتووتەوە، لەم چوارچێوەیەدا بنەماڵەی شەهیدان لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سەعدە ناسر، دایکی شەهید دیار غەریب ڕەخنەی لەو سزایە گرت و وتی: هیچ ڕاست نییە دوژمنێک بێتە سەرمان و ڕۆڵەکانمان بکوژن، کوشتنی عوسمان کۆسە حەقی ڕۆڵەکانی ئێمە بوو، ئەو کەسەی کە کوژراوە تاوانباری سەرەکییە چونکە یارمەتی دوژمنی داوە و بەم سزایەی دادگاش تەنیا خزمەت بە تورکیا دەکات.

دایکی شەهید دیار ئەوەشی وت: چۆن دەبێت هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە هەڵوێستی هەبێت، لە ڕاستیدا هەرێمێک کە ئاگای لە گەلەکەی و ڕۆڵەکانی نەبێت ئەوە هەرێمی پێ ناوترێت، پێویستە مافی ئەو کەسانە وەرگرنەوە کە ئەنفال و کیمیاباران کران، دەبێت کۆتایی بە خیانەت بێنین، ڕۆژێک بێت و دەرگای زیندانەکان بشکێنین و هەموو کەسە ئازادیخوازەکان ڕزگار بکەین و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین.

دایە سەعدە داوا "لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەگەر دەیەوێت ماف وەرگرێتەوە مافی هەزاران کەسی ئەنفالکراو وەرگرێتەوە و کاری ڕاستی ئەوە بوو، کە ئەو کەسانەی کە عوسمان-یان کوشت پێویست بوو گوڵباران بکرایەن".

حەمە سالح رەحیم، باوکی ناهیدە ناسراو بە 'ڕوکەن' کە ئەندامی رۆژنامەی وڵات بوو، لە کۆمەڵکوژی ١٦-٥-١٩٩٧، لە هەولێر شەهید بوو، لەو بارەیەوە وتی: ئەگەر سزای سێدارەیەک هەبێت بە سەر هەموو کورددا سەپێنراوە نەک بە سەر ئەو دوو گەنجە، ئەوەی ماوە ئازاد نین، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچی دیکەی نەماوە بەم خەلکەی بکات هەر لە هێنانی هێزی عێراق و کۆمەڵکوژی هەولێر بگرە تا زۆر شتی دیکە، کە ئێستاش هۆکارەکەی ڕوون نەکردەوە.

باوکی شەهید ڕوکەن دەشڵێت: بە بڕوای من  ئەم سزایە هیچ ڕەوا نییە و دیار نییە لە پێناوی چییە، بۆ ناچێت ئەو کەسانە سزا بدات کە تەقینەوە دەکەن، ماددەی هۆشبەر دێنن و بە سەر گەنجاندا بڵاوی دەکەنەوە، بە داخەوە هەندێک کەس لەم هەرێمە تاوان دەکەن و دواتر پۆستیان پێدەدرێت.

س.ح