شەممە, 22 أكت 2016 – 15:22
رۆژنیوز – کرماشان
بنەماڵەی ١٢ گەریلای شەهیدی یەرەکە لە بەردەم ئۆستانداری کرماشان کۆبوونەوە و داوای تەرمی رۆڵەکانیان دەکەن.
لە ٤ ی ئەم مانگە دا ١٢ گەریلای یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ، لەئەنجامی بووردومانی هێزەکانی رژێمی ئێران-دا شەهیدبوون، ئەمڕۆش بنەماڵەی ژمارەیەک لەو شەهیدانە، چوونە کرماشان و لە بەردەم ئوستانداری ئەو شارە کۆبوونەوە و داوایان لە بەرپرسانی رژێمی ئێران کرد، کە تەرمی رۆڵەکانیان رادەست بکەنەوە .
بنەماڵەی هەریەکە لە گەریلاکانی یەرەکە، موستەفا ساڵحی ناسراو بە (باوەڕ ئارتین) لە پیرانشارەوە و مۆئمن موحەمەدی ناسراو بە (چیا لەیلاخ) لە شارۆچکەی دێگولانەوە و هەروەها لە باکوری کوردستانەوە بنەماڵەی سەعدەت کایا ناسراو بە (بروسک باز) بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی بەردەم ئۆستاندارییان-دا کرد.
هەروەها ئەو بنەماڵانە، وتیان هەموو هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ و داوایشیان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤ کرد، هاوکاریان بن بۆ ئەوەی بتوانن تەرمی رۆڵەکانیان وەرگرنەوە.
کەسوکاری گەریلا گیانبەختکردوەوکان داوایان لە بنەماڵەکانی دیکە کرد، کە رۆڵەکانیان لەو شەڕەدا گیانیان بەختکردووە، پشتیوانی ئەو هەوڵدانەیان بکەن و خۆیان بگەننە بەردەم ئۆستانداری کرماشان.
ش.ف