به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێکەوە پۆلیسێك گیانی له‌ده‌ستدا

له‌سه‌ر شاخی به‌مۆ، مینێك به‌ هاوڵاتیه‌كه‌دا ته‌قییه‌وه‌ و ده‌ست به‌جێ گیانی له‌ده‌ستدا و تا ئێستا ته‌رمه‌كه‌ی نه‌هێنراوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر شاخەکەیە.


ئه‌مڕۆ،  گه‌نجێكی دانیشتوی گوندی شاوازی سه‌ر به‌ شاره‌دێی مه‌یدانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قین لە سنووری پارێزگای دیالە، به‌ناوی سه‌فه‌ر یوسف، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێكه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، ناوبراو كارمه‌ندی پۆلیسی به‌رگری شارستانی شارەدێی مه‌یدانە.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی، له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منییه‌وه‌ ده‌ست ڕۆژنیوز كه‌وتووه‌، ئه‌و هاوڵاتیه‌ له‌گه‌ڵ برایه‌كی ڕۆیشتون‌ بۆ سه‌ر شاخی به‌مۆ، له‌ناو خاكی "ئێران" ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆمبه‌كه‌ پێیاندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ست به‌جێی گیانی له‌ده‌ستداوه.

بەپێی زانیارییەکان، براكه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بووه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتییەوە كردووه‌ له‌ شاره‌دێی مه‌یدان، كه‌ ڕووداوێكی وا ڕوویداوه‌ و براكه‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و به‌دیار ته‌رمی براكەیەوە‌ دانیشتووه‌، به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتیش ده‌زگا ئه‌منی و په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش ڕۆیشتوونه‌ بۆ لای ته‌رمه، بەڵام تا ئێستا تەرمەکە نەگەڕێندراوەتەوە.

س.ح