به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ ده‌ستگیركرا

لەسەر سکاڵای هۆزێک بەناوی كه‌ره‌وییه‌كان، پۆلیسی دیالە بەڕێوبەری شارەدێی گوڵاڵەی بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد، بەرپرسێکی یەکێتیش لە سنوورەکە دەڵێت: بەهۆی ئەوەی کە بەڕێوبەری گوڵاڵە کوردە لەلایەن عەرەبەکانەوە کێشەی بۆ دروستدەکرێن.


ئه‌مڕۆ له‌كاتی ئه‌ركدا، هێزێكی نه‌هێشتنی تاوانی  پارێزگای دیاله‌، یه‌عقوب یوسف لهێبی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌یان ده‌ستگیركردووه‌ و به‌ره‌و شاری به‌غدای پایته‌ختیان بردووه‌ .

خه‌لیل خوداداد، به‌رپرسی گوڵاڵه‌ی كۆمیته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان،  بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ سكالا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ تۆمار ده‌كرێت، له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێك، كه‌ به‌ كه‌ره‌وییه‌كان ناسراون و دوژمنی كوردن و له‌كاتی هاتنی چه‌ته‌كانی داعشدا دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ جه‌نگان و ئێستاش پێیان ناخۆشه‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ وه‌ك دیاریكراوی كورد ده‌وام ده‌كات.

به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی، وتیشی: له‌ماوه‌ی ڕابردوودا  له‌ پۆلیسی ئیتحادی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركرد، گوایه‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كات و چه‌ند كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكردووه، دوای لێكوڵینه‌وه‌ی ورد له‌دۆسییه‌كه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ی خراونه‌ته‌ پاڵی تۆمه‌تن و هیچ ڕاستیه‌كی دیكه‌ی تێدا نیه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی سكاڵایان تۆماكردبوو مه‌به‌ستیان بوو لایبده‌ن و كه‌سێكی خۆیان بكه‌نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌ دێیه‌كه‌.

هه‌روه‌ها ناوبراو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ساڵی 2016 دوای نه‌مانی چه‌ته‌كانی داعش له‌ سنووره‌كه‌، یه‌عقوب یوسف له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ كراوه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ و تا ئێستاش هه‌ر ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره،‌ به‌ڵام به‌به‌رده‌وامی گرفت و كێشه‌ی بۆ دروستده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌ كه‌ره‌وییه‌كان ناسراوان و دوژمنی كوردن .

د.ع