بڕیاری سەربەستکردنی بەدەل بەرواری نەدرا

دادگای دهۆک بڕیاری سەربەستکردنی بەدەل بەرواری نەدا و پارێزەرەکەشی دەڵێت: سەربەستنەکردنی جگە لە بابەتێکی سیاسیی، هیچی دیکە نییە.


لە کۆی هەشت دەستگیرکراو، دادوەری دادگای دهۆک ئەمڕۆ بڕیاری سەربەستکردنی حەوت لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکەی دهۆک دا.

ڕێڤینگ یاسین، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوان بە ڕۆژنیوزی وت: هەریەک لەو کەسانە بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار بڕیاری سەربەستکردنیان دراوە.

وتیشی: لەناو ئەو حەوت کەسەدا تا ئێستا سیانیان سەربەست کراون، کە هەریەک 'شڤان بەروشکی و غازی نێروەی'یان لەناودایە.

ئەو پاریزەرە ئاشکرایکرد، کە تاکە کەسێک بڕیاری سەربەستکردنی نەدرابێت بەدەل بەرواری-یە، کە مامۆستایە و یەکێک لە ڕیکخەرانی خۆپیشاندانەکەیە، بەڵام شەوی پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی ئاساییشەوە دەستگیرکرا.

سەبارەت بە هۆکاری سەربەستنەکردنی بەدەل بەرواری، ڕێڤینگ یاسین، وتی: هۆی ئازادنەکردنی جگە لە بابەتێکی سیاسیی، هیچی دیکە نییە.

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە شاری دهۆک سەدان کەس لە چالاکوان، مامۆستا و فەرمانبەر خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان دژ بە دابەشنەکردنی مووچە ئەنجامدا، هێزەکانی ئاسایشیش هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران و نزیکەی ١٠٠ کەسیان دەستگیرکرد، دواتر بەشی زۆریان سەربەست کران و ١٥ کەسیان لە زیندان هێڵدرانەوە.

لەناو ئەو ١٥ کەسەشدا هەشتیان تا ئەمڕۆ لە زینداندا بوون و ئێستا تاکە کەسێکیان، کە بڕیاری سەربەستنەکردنی نەدرابێت مامۆستا بەدەل بەرواری-یە، کە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان داروەتە پاڵی.

ش.ف