دووشەممە, 13 أبر 2020 – 16:35 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لە کاتێکدا لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری زیندانیکردن، کە بەسەر هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد گوڵتان کشاناک و هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) سەباحەت تونجەل، سەپێندرابوو هەڵوەشێنرابووە، بەڵام ئەمڕۆ سەرلەنوێ دادگایکردنیان دەستیپێکردەوە.
دەبوایە ئەمڕۆ چوارەم دانیشتنی ئەو سەرلەنوێ دادگایکردنە لە ٥هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانی مەلەتی بەڕێوەبچویایە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێوەیان نەبرد، دەستەی دادوەری لە دادگاکە لێکۆڵینەوەیان لە دۆسیەکە کرد و بڕیاری خۆیاندا.
پارێزەران ڕایانگەیاند، کشاناک نەخۆشیی قورسی هەیە و لە کاتی ئەم پەتایەدا مانەوەییان لەگەڵ تونجەل دا لە زینداندا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان، پارێزەران ڕاشیانگەیاند، لە زینداندا هێشتنەوە ئیتر بووەتە تەمبێکردن و سزادانێک بە ئەشکەنجەوە.
دەستەی کاتیی دادگاییەکە داوای پارێزەرانی ڕەتکردەوە و بڕیاردا، ئەو ٢ سیاسەتمەدارە کوردە لە زینداندا بمێننەوە، بڕیاریشدرا دانیشتنەکە بۆ ٢٩ی ئایار دوابخرێت.
ک.س