بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەری دەستگیرکرد و بڕی ٣٢ کیلۆ ماددەی ھۆشبەریش لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەگژداچوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە شەوی ٢٢ی ئەم مانگە لەسەر ڕێگەی سەرەکی نزیک گەڕەکی تاسلوجەی شاری سلێمانی بازرگانیکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە کاتی دەستگیرکردنی بازرگانەکەدا ڕووبەڕوبونەوەی ھێزەکانی ئاسایش بووە و تەقە کراوە و لە ئەنجامدا توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی (ھ ، ڕ ، ب) دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ٣٢ کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ. ئاماژەی بەوەشکردووە بازرگانەکە لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ماددەکەی ھێناوەتە سلێمانی و بەنیاز بووە بیگوازێتەوە بۆ شاری ھەولێر.
ها-غ