حەوت ڕۆژ بەسەر تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی-دا تێپەڕی، ناسنامەی بکوژەکان ئاشکرابوون و بەرەو هەولێر هەڵهاتن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نە بکوژانیان دەستگیر کرد و نە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی ڕووداوەکەوە هەبووە.
شەوی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢ دوو کەس لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لە محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز کرد لە شەقامی بەختیاری شاری سلێمانی، کە ئەو شەقامە یەکێکە لە ناوچە قەرەباڵغەکانی سلێمانی، پاش ئەوەى زەکى چەلەبى گەیەندرایە نەخۆشخانەى شار و شەش نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا، دوای مانەوەى ١٧ کاتژمێر لە ژێر چاودێرى وردى پزیشکییدا، ئێوارەی ١٨ی ئایار، گیانی لەدەستدا.
چاوەڕێ دەکرا، لەپاش ڕووداوەکە دامودەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى لەبارەى چۆنییەتى ڕووداوەکەوە ڕوونکردنەوە بدەن، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدرا.
ڕۆژنیوز بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کرد و بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیی بە یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشی سلێمانییەوە کرد، ناوبراو ڕایگەیاند: ئەو دۆسیەیە لای بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانییە و ئێمە لەئێستادا هیچمان نییە لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵێین.
ڕۆژنیوز چەندین جار پەیوەندیی بە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى بەڕێوەیەرایەتیی پۆلیسى سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
دوو ڕۆژ دواتر و لە ڕۆژی ٢٠ی ئایار، ڕۆژنیوز لە سەرچاوەیەکەوە وێنە و ڤیدیۆی ئەو کەسانەیان بڵاوکردەوە، کە تاوانی تیرۆرکردنی زەکی چەلەبیان ئەنجامداوە و بە ڕوونی ڕووخساری هەردوو بکوژەکە دەردەکەوێت.
سەرچاوەکەی ڕۆژنیوز ڕایگەیاند”بکوژەکان هەڵهاتوون بۆ شاری هەولێر و ژێر قەڵەمڕەویی پەدەکە، هەڵهاتنیشیان بۆ هەولێر دەریدەخات، کە تیرۆرکردنی زەکی چەلەبیی بەهەماهەنگیی میتی تورک و پاراستنی پەدەکە ئەنجامدراوە”.
هەروەها، ڕۆژنامەنووس فەهیم ئیشک، لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە ئەو دوو بکوژە، یەکێکیان خەڵکی هەولێر و ئەوەی دیکەیان خەڵکی شەنگال بووە.
ڕۆژی ٢١ی ئایاریش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ئەمین بابە شێخ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەنەکە ڕایگەیاند: حکومەتی پارێزگای سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەم کەیسەیان زۆر بەجددیی وەرگرتووە و لە لێکۆڵینەوەدان.
ئەمین بابەشێخ وتیشی: ئەوەندەی ئێمە تێگەیشتبین بەمنزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوشتنی ئەو پیاوە بڵاودەکەنەوە.
چاوەڕوان دەکرا دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکان و ئاشکرابوونی شوێنی بکوژەکان، کە بەرەو هەولێر هەڵهاتوون، هێزە ئەمنییەکان بکەونە ژێر بەرپرسیارێتییەکی گەورە و دەستگیرنەکردنیان وەک شەرمێکی گەورە و لاوازیی بۆ خۆیان هەژمار بکەن، بەڵام بەپرسیارێتییان هەڵنەگرت و تا ئێستا بێدەنگن.
ئەو بێدەنگییە لەکاتێکدایە، کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەردەوام بانگەشەی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ نیشاندانی بەهێزیی خۆی، زۆر جار سیناریۆی جۆراوجۆریش دروست دەکات.
ش.ف