بکوژی خێزانە ڕۆژئاواییەکە چوار سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو

ئەو كەسەی ٥ ئەندامی خێزانە ڕۆژئاواییەکەی لە هەولێر كوشت لە لایەن دادگاوە چوار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.


لە ٣ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە نزیك گوندی (پیرڕە‌ش)ی شاری هەولێر، تەرمی ژن و پیاوێك و سێ منداڵ، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە دۆزرانەوە كە بە گولـلە كوژرا بوون، دواتر کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو خێزانە دەستگیر کرا و ئەمڕۆش دادگای تاوانی هەولێر چوار بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارە دەرکرد.

لە سەر ڕووداوەکە فەرەیدون كەریم، وەک تۆمەتبار دەستگیرکراو بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان تۆمەتبارەکە دانی بەوەدانا کە ئێوارەی ٢ی تشرینی یەكەم تەواوی ئەندامانی خێزانێكی پێنچ كەسی كوشتووە كە پێكهاتوون لە باوك و دایك و سێ لە منداڵەكانیان كە ئەم خێزانە كوردی خۆرئاوای كوردستانن و نیشتەجێی گوندی پیرڕەشی شاری هەولێر بوون.

دواتر لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەكەم بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەقی دانپێدانانی بكوژەکەی بڵاوكردەوە.

پارێزەر برزۆ سەعید، پارێزەری دۆسییەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دادگای تاوانی هەولێر چوار بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ بكوژی خانەوادە ڕۆژئاواییەکەی گوندی پیرەش دەرکردووە.

وتیشی: "جێبەجێكردنی بڕیارەكە تەنها لەسەر واژووی سەرۆكی هەرێم ماوە و ئەگەر ئەو واژووی بكات ئەو تاوانبارە لە سێدارە دەدرێت". 

بەپێی زانیارەكان لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە ٦٣٠ كەس بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ەوە بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێم سزای لە سێدارەدان ڕاگیراوە و ئەو کەسانە لە سێدارەنەدراون.

ک.س