پێنجشەممە, 13 سبت 2018 – 19:44 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئێوارەی ئەمڕۆ، هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، دەستگیرکردنی بکوژی کارمەندە تەندروستییەکەی هەولێری ڕاگەیاند.
بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر: بکوژی سەرەکیی سالار سدیق، کە شەوی ڕابردوو لە شەقامی سەدمەتریی کوژرا، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کۆیە دەستگیر کرا.
شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆر دۆج کرا، کە ناوی سالار مەلاسدیق-ە و تەمەنی ٣٤ ساڵ و کارمەندی بەشی ژمێریاریی نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی هەولێر بووە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیاریەكانی ڕۆژنیوز، كە لەكەسێكی نزیك لە كوژاروەكەوە دەستیكەوتووە، (سالار سدیق) ئامانجی بکوژان نەبووە، بەڵکو ئامانجەکە پزیشکێکی نەخۆشخانەکە بووە، کە دوو مانگ پێش ئێستا نەشتەرگەریی بۆ کەسێک لە عەشیرەتە دیارەکانی هەولێر کردووە و دوای نەشتەرگەرییەکە، نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە، عەشیرەتەکەش پێیانوایە، کە کەمتەرخەمیی پزیشکەکە بووە و هەڕەشەی کوشتنیان لە پزیشکەکە کردووە، ١٠ ڕۆژ پێش ئێستاش سالار، ئۆتۆمبێلەکەی ئەو پزیشکەی کڕیوە، بۆیە وایانزانیوە ئەو ئۆتۆمبێلە پزیشکەکەی تێدایە و کوشتوویانە.
ب.ل