دووشەممە, 15 يون 2020 – 09:42 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
کاردانەوەکان دژی بۆردوومانەکانی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپی مەخمور، شەنگال و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە فەیسبووک لەلایەن توێژەکانی کۆمەڵگاوە بەردەوامیی هەیە.
عەبدوڵای مەلانووری پەرلەمانتاری پێشووی هەرێم و ئەندامی کەنەکە نووسیویەتی:”تورکیا بە چڕی شەڕی قڕکردنی کوردی هێناوەتە باشور، ئەوەی ڕەودەدات دەرئەنجامی ناپاکی ناوخۆیی و بێدەنگی و لاوازی هەڵوێستی حزبەکانە لە رابردوودا، لەم سۆنگەیەوە هەموو حزبەکان، بە تایبەت ئەوانەی بەشدارن لە حکومەتی هەرێم، لە ڕووی ئسوڵی و قانونی و ئەخلاقیەوە بەرپرسیارن بەرامبەر ئەو هێرشانە، پێویستە لە ناو هەولێر و حکومەت، لە ڕووی جەماوەریی و سیاسیەوە هەڵوێستی ئازایانە و جدی خێرایان هەبێ، نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە سەرۆک کۆمارەوە تا دەگاتە پەرلەمانتاران، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و قانونی و ئەخلاقیان لە سەر شانەو، دەتوانن کاری گەورە بکەن، بۆیە پێویستە لە ئاست هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشور هەڵوێست و کاری پێکەوەیی هەمە لایەنەی خێرایان هەبێت، دەرکردنی بەیاننامەی بێ کردار، دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە ئەجێندای داگیرکاری و کوردکوژی و فاشیانەی تورکیا، وە خۆ دزینەوەیە لە وەرگرتنی هەڵوێستی جدی”.
هەروەها کەمال چۆمانی ڕۆژنامەنووس نووسیویەتی:”سودی بەرهەم سالح و فوئاد حوسێن و ئەندام پارلەمانانی کورد لە بەغداد چییە ئەگەر لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی پەنابەران هەڵوێستێکیان نەبێ؟، ئێوە واز لە هاوسۆزیی نیشاندان بێنن بۆ خوشک و برا کوردەکانتان، بەڵام ئەوانە پەنابەرن، ئەرکتانە بەرگرییان لێ بکەن و بیانپارێزن، ئەندام پارلەمانەکان تکایە هەڵوێستتان هەبێ، ئەوە بکەنە کاری لەپێشینەتان نەک بە تویتێک یان پۆستێکی فەیسبوک، زۆرجاریش ترسنۆکانە، خۆتان لە بەرپرسیارێتیی بشارنەوە”.
هەروەها سەدان کەسی دیکە هەڵوێستیان پیشانداوە، کە ئەمە بەشێکە لەوان.
س.ح